پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەرەوەی وڵات دەتوانن کارتی نیشتیمانی بەدەستبهێنن
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەرەوەی وڵات دەتوانن کارتی نیشتمانی یەکگرتوو بەدەستبهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی شوباتی 2025، لە لێدوانێکی تایبەتدا عەمید سیامەند حەمە حسێن، بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "هەر هاوڵاتییەکی عێراقی و هەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن دەتوانن ببنە خاوەنی کارتی نیشتمانی، بەڵام بەپێی رێکارە یاساییەکان".
روونیشکردەوە، "پەنابەران دەتوانن سەردانی کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی عێراق و نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەدەستهێنانی هەردوو بەڵگەنامەی (بەر حەیاتی و بریکارنامەی تایبەت) بۆ بە بریکارکردنی کەسێک لەناو عێراق و هەرێم بۆ رایکردنی مامەڵی کارتی نێشتمانی".
بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت داواخوازی کارتی نیشتمانی، بەڵگەنامە کۆنەکانی وەک (پێناس و رەگەزنامە)ی مابێت یان وێنەیەکی ئەو بەڵگانە، یان پشت ببەسترێت بەتۆماری خێزانەکەی بەتایبەت تۆماری نوێی کارتی نیشتمانی باوک یان برا".
پێشتر حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، "دەبێت هاوڵاتییانی عێراق پەلەبکەن لە گۆرێنی پێناس بۆ کارتی نیشتمانی و بەپێچەوانەوە وەک هاوڵاتی عێراقی هەژمار ناکرێن".
PM:04:03:24/02/2025
ئهم بابهته 1668
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت