بافڵ تاڵەبانی بۆ د.لەتیف رەشید: یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەرێم


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی شوباتی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کرد.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لەمیانی دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی وڵات کرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتکردنی هاوڵاتییان.

هەر لە دیدارەکەدا پەیوەست بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق هەردوولا پەرۆشانە دووپاتیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و لێکتێگەیشتنەکان کردەوە، لەورووەوە بافڵ تاڵەبانی بەڕێزەوە رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری بەرز نرخاند بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە جیاوازەکان و گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانی لە بەرژەوەندیی سەقامگیری وڵاتدا و روونیکردەوە، "یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە ململانێ سیاسییەکان کە خۆشبەختانە لەم هەنگاوەشدا سەرکەوتووبووین".

پەیوەست بە قەیرانی ناوچەیی و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دیدارەکەدا گفتوگۆی ورد کرا و د.لەتیف جەمال رەشید پەرۆشانە رایگەیاند، "عێراق پشتگیری لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتییانە بێت بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی ناوچەکە لەشەڕ و ئاڵۆزی".


PM:02:11:24/02/2025




ئه‌م بابه‌ته 1436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت