سەرچاوەیەک بۆ وێستگەنیوز: پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دوادەکەوێت
وێستگهنیوز_
یهكێتی و پارتی ناتوانن تا نهورۆز بگهنه ڕێكکهوتن و حكومهتی ههرێمی كوردستان پێكبێنن، ئهمهش لهكاتێكدایه لەرۆژانی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی، کۆبوونەوەکەی نێوانیان بەئەرێنی پێناسە کرد و بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو بەبێ دەستنیشانکردنی وادەی کۆبوونەوەی ئاینده كه بڕیاربوو ئهنجامبدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز کە لەئەندامێکی تیمی دانوستانکارەوە دەستی کەوتووە، وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا بۆ نەورۆزی ئەمساڵ کابینەی نوێی حکومەت رابگەیەندرێت بەو جۆرە نابێت و هۆکاری کات دەبێتە دواکەوتنی راگەیاندنی حکومەت.
ئەو ئەندامەی تیمی دانوستانکار باسی لەوەکرد هەتا ئێستا لەکۆی بیست خاڵ کە تەوەری گفتوگۆکانیان بوە تەنها سێ خاڵ ماوە تێیدا نەگەیشتونەتە رێککەوتن بەڵام، ئهو ئهندامه هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو خاڵانەوە نەخستەڕوو. وێستگهنیوز زانیویهتی كهخاڵهكان پهیوهندیداره به دابهشكردنی پۆسته باڵاكان كه لهنێویاندا گرێ كوێرهیه.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەگەرەکانی بەیەکگەیشتن ئەرێنییە و ئەو سێ خاڵەش قابیلی سازش لەسەرکردنە لەهەردوولاوە.
ئەوەشی ئاشکراکرد، بە هۆکاری کات ناتواندرێت لەنەرۆزی ئەمساڵدا پێکهێنانی حکومەت رابگەیەندرێت، چونکە کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەستنیشانکردنی کاندیدان بۆ سەرۆکایەتی حکومەت و لێکۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە بۆ کاندیدەکان کاتێکی زۆری پێویستە و ئەوەش دەبێتە بەشێکی سەرەکی دواکەوتنەکە.
هەروەها، بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەدوای پێکهاتنی یەکێتی و پارتی ئەگەر سەرۆکی تەمەن وەک ئەوەی لەپێشتردا و لەرێگەی میدیاکانەوە دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاندبوو هەر سووربێت لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی، ئەوا "ئازاد محەمەد ئەمین وەک بەتەمەنترین سەرۆک دەستنیشان دەکرێت و کارەکانی سەرۆکی تەمەن و کۆبوونەوەی پەرلەمان و رێکارەکانی دیکە دەگرێتە ئەستۆ.
ئەندامەکەی تیمی دانوستانکار وتیشی: لیژنە تەکنیکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی چاوەرێی وادەی کۆتا دانیشتنن، کە لەلایەن (قوباد تاڵەبانی) سەرۆکی تیمی یەکێتی و (هۆشیار زێباری) سەرۆکی تیمی پارتی دەستنیشان دەکرێت ئهگهری ئهوه ههیه لهو كۆبونهوهیهدا ههندێك لهخاڵه هاوبهشهكان بخرێته ڕوو.
PM:02:01:24/02/2025
ئهم بابهته 1528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت