بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ مەسرور بارزانی دانیشتم و باسی تەوتین و "هەژماری من"مان کرد


وێستگەنیوز-

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، گەشبینین بەوەی کە حکومەتێک پێکبهێنین لەسەر بنەما سەرەکییەکانی باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، لەگەڵ مەسرور بارزانی دانیشتم و باسی تەوتین و "هەژماری من" کرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی شوباتی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی دیالۆگی نێودەوڵەتی بەغدا رایگەیاند، "گەشبینین بەوەی کە حکومەتێک پێکبهێنین لەسەر بنەما سەرەکییەکانی باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان و وابکەین هەرێمی کوردستان بەهێزتر و ئاسایشتر بێت".

لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئێمە لە سلێمانی دیدگامان جیاوازترە لە بۆ خۆپیشاندان و زۆربەی کات خۆپیشاندان لە سلێمانییە، چونکە ئێمە باوەڕمان بە مافی هاوڵاتییانە، پێم وایە نابەرهەمدار دەبێت ئەگەر مافی خەڵک زەوت بکەیت، من سەردانی مانگرتووانم کرد و خەڵک لەلێواری برسێتیدان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم گفتوگۆمان لەسەر هەژماری من و تەوتین کردووە، ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم بەربەستە تێپەڕینین بابەتەکانی دیکەی پێکهێنانی حکومەت ئاسانتر دەبن ".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی، "نابێت پشت بە نەوت ببەستین و ئیتر چاومان لە کەرتی تایبەت و کارکردنی گەنجەکانمانە"، وتیشی، "ئەم جارە مایکەکان ناشکێنم و قسەی گرنگ دەکەم".

بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەکردەوە، "هەڵبژاردنی عێراق گرنگە و زۆر گرنگە کورد بەرەیەکی یەکگرتووی هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی عێراق".

لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بۆ گروپە لە یاسا دەرچووەکان نارد و وتی، "ئەم جارە درۆن بنێرن وەڵاممان دەبێت و قبوڵی ناکەین".

سەبارەت بە دۆخی سوریا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "زۆرینەی پێکهاتەکانی سوریا متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا نییە"، ئاماژە بەوەشدەکات، "پێویستە دەرفەت بدەین بە دەسەڵاتدارانی سوریا و دەبێت مافی پێکهاتەکان لە سوریا پارێزراوبێت، هەروەها پێویستە دەستووری نوێی سوریا بە بەشداری کورد و کەمینەکان بنوسرێتەوە".

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رایگەیاند، "گفتوگۆکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بەباشی بەرەوپێش دەچێت و ئێمە هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکەین".

سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند، "وەفدی ئیمراڵی سوپاسی یەکێتیان کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ هاندانی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشتی".


PM:01:53:23/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 4264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت