مەسرور بارزانی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: گرنگە حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیاش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵیی هەرێم تاوتوێکرا".
وەکو ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکی حکومەت، سوپاسی باڵیۆزی کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست".
تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمبارەوە ئاماژە بەوەکراوە، "هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان".
AM:11:56:23/02/2025
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت