حکومەتی هەرێمی کوردستان: پابەندین بە هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم


وێستگەنیوز-

شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.


ئەمڕۆ شەممە 22ی شوباتی 2025، لە راگەیەندراوێکدا شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی تایبەت بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رادەگەیەنین کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە".

ئاماژە بەوەکراوە، "لە کۆبوونەوەی هاوبەشمان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ئەوە دووپات کرایەوە کە جێبەجێکردنی هەمواری یاساکە پێویستی بە رێککەوتنێک لەسەر بڕی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە".

ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون، دەستپێکردنەوەشی بەپێی میکانیزمەکانی یاسای بودجە و هەموارەکەی، هەروەها لە چوارچێوەی ئاستی بەرهەمهێنانی دیاریکراو بۆ عێراق لە رێکخراوی ئۆپیک بوو".

وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، "ئەو بڕە بەرهەمەی کێڵگە کاراکان بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت بنێرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆری عێراق - تورکیا و بەندەری جەیهان، بەپێی گرێبەستی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیا پاڵێوراوەکان".


PM:10:27:22/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت