کەشناسی هەرێمی کوردستان: پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە


وێستگەنیوز_

لە دوێنێوە شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و کەشناسیی دەڵێت، شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ نمەبارانی پچڕپچڕ لە شوێن و ناوچە جیاجیاکاندا، بەڵام لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و باران بەشێوەی مامناوەند دەبارێت. لە ناوچە شاخاوییەكان بە تایبەت ناوچە سنووریەكان بەفر دەبارێت و پێشبینی دەكرێت بۆ كاتەكانی شەو لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری سلێمانی و سەنتەری قەزای سۆران بە كەمی بەفر بارین هەبێت .

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ سبەینێ شەممە، ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنووریەكان بەفر دەبارێت.

راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بە نزیكەیی 2 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە و سبەینێش 1 بۆ 2 پلەی دیکە دادەبەزن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر: 8 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 6 پلەى سیلیزى

دهۆک: 7 پلەى سیلیزى

کەرکوک:10  پلەى سیلیزى

زاخۆ:  7 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 6  پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: -4  پلەى سیلیزى

سۆران: 2 پلەى سیلیزى

گەرمیان: 12 پلەى سیلیزى


PM:12:42:21/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت