مەسرور بارزانی بۆ شاندی ئیمراڵی: هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکات
وێستگەنیوز_
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد .
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی 2ـی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانیان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی."
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا."
ڕۆژی شەممە، 15ـی 2ـی 2025، شاندەکەی دەم پارتی بە یاوەری کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) گەیشتە هەرێمی کوردستان و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا و بڕیارە ئەمرۆ بگەرێنەوە.
AM:11:40:19/02/2025
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت