حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکات لەبارەی بە بانکیکردنی مووچەوە
وێستگەنیوز-
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین کەوا دووپاتیکردووە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین کەوا دووپاتیکردووە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت و لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "فەرمانبەر سەرپشک دەکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندی بانکی ناوەندییان هەیە، دەشڵێت: هەموو ئەمانە یەکدەگرنەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژە هەژماری من".
باسی لەوەشکرد، "جێگای بایەخە بوترێت کە تیمەکەمان وەک بەشێک لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێڕاق کۆبوونەتەوە و نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەکەیان بۆ باسکردوون وەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیشدا هاتووە، ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت لەڕێگەی ناردنی زانیاریی و پێشهاتی مانگانە بۆیان".
ئەوەشی وت، "هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی نزیکمان لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، بەوپێیەی بە بانکیکردنی مووچە هەنگاوێکی گرینگ دەبێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق. داواکارین لە سەرجەم فەرمانبەران کە بەزووترین کات خۆیان تۆماربکەن، بۆ خۆتۆمارکردن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری هەژماری من بە ژمارە 1991".
PM:11:25:18/02/2025
ئهم بابهته 508
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت