نێچیرڤان بارزانی: پێویستە پەکەکە چەک دابنێت
وێستگەنیوز-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە سوریای نوێدا بەشداربن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی هەڤپەیڤینێکی کەناڵی رووداودا رایگەیاند، "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، چەک دانانی بەمانای تەسلیمبوونی نییە و دەبێت پەکەکە پێشوازی لە پەیامەکەی ئۆجەلان بکات".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە ئامادەین کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بکەین، پێشتریش چەندین دیدارمان لە ئەنقەرە لەسەر پرۆسەی ئاشتی کردووە".
نێچیرڤان بارزانی وتی، "ئێمە ئەمساڵ گفتوگۆی زۆرمان لەبارەی دۆخی سوریاوە کرد و دەرفەتێکی باش لە سوریا هەیە و دەبێت یارمەتی دەربین".
وتیشی، "سەرکەوتوو بووین لە پاراستنی کورد لە سوریا، هەروەها بە برا کوردەکانمان وتوە لە سوریا دەبێت خاوەن ماڵ بن نەک میوان، چونکە گەلی سوریا شایستەی ژیانێکی باشترن"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە، "پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە سوریای نوێدا بەشداربن".
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمەوە نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەکرد، "لەگەڵ یەکێتیدا لە گفتوگۆی جدیداین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت".
ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئەڵمانیا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی یەکترمان بینی و قسەشمان کرد و بانگهێشتی نانخواردنیشی کردین و لەگەڵ یەکتر دانیشتنمان هەبووە و باسی پێکهاتنی حکومەتی ئایندەشمان کرد کە چۆن ئێمە دەتوانین پێکەوە کاربکەین، دیدارێکی زۆر ئەرێنی و باشمان لەگەڵ کاکە بافڵ هەبوو".
لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، "ئێستا پەیوەندییەکان باشن، ئێمە لەگەڵ یەکێتی لە گفتوگۆیەکی زۆر جیدیداین لەبارەی ئەوەی کە چۆن حکومەتی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین. پێش هەموو شتێک ئێمە خەریکی ئەوەین شتێک بنووسین کە پەیوەندی و هاوبەشایەتیی نێوان ئێمە و یەکێتی بە چ شێوەیەک دەبێت، ئەو پرەنسیپانەی کە جێی بایەخن هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئێمە و بۆ کورد. ئێمە لەسەر ئەو پرەنسیپانە خەریکی گفتگۆیەکی جیدین کە ئەگەر ئەمە ئامادە بکرێت دوایی لەلایەن هەردوولا ئیمزا بکرێت، ئەوا بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دەڕۆین".
ئاماژەی بەوەشدا، "پەیوەندیی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی هیچ جێگەی مەترسی نییە. وەکو دوو حیزب جیاوازیمان هەیە، بەدڵنیاییەوە هەیە، بەڵام وەکو دوو حیزب کە مەبەستمان هەرێمی کوردستانە، پێموایە ئەوانیش مەبەستیان رەچاوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، ئێمەش بە هەمان شێوە ئەوەمان هەیە و دەرفەتی ئیشکردنیش پێکەوە هەیە، ئێمە هەمیشەش لە یەکبووندا سەرکەوتووین لە جیاوازیدا نا، ئێمە لە یەکنەبووندا نەمانتوانیوە و ئەوانیش نەیانتوانیوە هیچ بکەن، لەبەر ئەوە سەرئەنجام پێویستە ئێمە یەکدی قبووڵ بکەین و کاربکەین بۆ ئاییندەیەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان".
PM:09:35:18/02/2025
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت