ئاوات شێخ جەناب: بڕیاردراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بەبێ کێشە خەرج بکرێت
وێستگەنیوز-
وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایان لەبارەی پرسی مووچە تاوتوێ کرد.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە 18/2/2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد".
ئاماژە بەوەکراوە، "لە دیدارێکدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەڕێی گفتوگۆ و دانوستان".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین ڕێکكەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی مووچە خستەڕوو، دوای ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکان لە هەولێر و بەغداد دواجار لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان پەسەندکرا و کێشەی تەمویل و تەرخان چارەسەر کرا و بڕیاردرا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2025 بەبێ کێشە مانگانە لەکاتی خۆی خەرج بکرێت".
روونیش کراوەتەوە، "لای خۆشیەوە کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کرد لەسەر گەیشتن بەڕێکكەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و ڕایگەیاند گرنگە لەمەودوا هەرێمی کوردستان یاسای بوودجەی هەبێت لە پێناو شەفافیەت لە داهات و خەرجیەکان، هەروەک بەپێویستی زانی گرنگی زیاتر بە کەرتی بانکی بدرێت، پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی لە کابینەی نۆیەم دووپات کردەوە".
باس لەوەشکراوە، "لەلایەکی ترەوە ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند کە وەک وەزارەتی دارایی هەموو ساڵێک پڕۆژە یاسای بوودجەیان ئامادە کردووە و بۆ ساڵی 2025 یش پڕۆژەکە ئامادە کراوە، هەروەک باسی لەبەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من کرد کە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق و بەئاگاداری سەرۆک وەزیرانی عێراق قۆناغی باشی بڕیووە و لەچەند مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بانکە بەشداربووەکانی ناو پڕۆژەکە دەبنە خاوەن هەژماری بانکی".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب باسی لەو چاکسازی و ڕێکارانە کرد کە لە گومرگ و خاڵە سنوورییەکان ئەنجامیانداوە و سەرجەمیان بەسیستەمی ئەلکترۆنی بەوەزارەتەوە بەستراونەتەوە، ئەوەش بەراورد بە خاڵە سنوورییەکانی عێراق شەفاف تر و پێشکەوتوو ترە".
PM:08:29:18/02/2025
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت