وەزیری دارایی چەند بڕیارێک بۆ زوو راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەردەکات


وێستگەنیوز-

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەکات و چەند بڕیارێک بۆ زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەردەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی شوباتی 2025، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بە یاوەری شاندێکی وەزارەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی کرد و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی کۆڵیەوە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم بێت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە وەزیری دارایی جەختی لەسەر زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کردەوە و چەند بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە دەرکرد کە بریتی بوون لە:

1- چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلکترۆنی کاروباری خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستیەکانی لەماوەیەکی کورتدا.

2- دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان.

3- ڕەوانەکردنی فەرمانبەران لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین بەپێی پێویست تا کاتی تەواو بوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی گوێبیستی کێشە و داواکاریەکانی بەرپرسانی خانەنشین بوو، بڕیاریدا سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات و لەکۆتایشدا داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشین کرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات مامەڵەی خانەنشینان تەواو بکرێت و ماف و شایستەکانیان پێ بدرێت.


PM:07:25:18/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت