سەرچاوەیەک بۆ وێستگەنیوز: مام لەتیف، ئەرجومەنە ریشە و فەرمانی لەفە دەستگیرکراون


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی دوێنێ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی هەشت کەسی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لەوانە کەسایەتییەکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بەناوی "فەرمانی لەفە" یەکێکی دیکەیان ناوی "مام لەتیف"ـە و لە پاش دەستگیرکردنیان، ئەکاونتەکانییان لەلایەن ئاسایشە دەستی بەسەرداگیراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی 2ـی 2025، سەرچاوەیەک بە پەیامنێری سلێمانی وێستگەنیوزی راگەیاندووە، "لەو هەشت کەسەی دەستگیرکراون دوو کەس بە ناوەکانی فەرمانی لەفە و مام لەتیف هەن". 

هەمان سەرچاوە ئاشکراشی کردووە، یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوەکان، "ئەرجومەنە ریشە"ـیە کە لە تیکتۆک لایڤ دەکاتەوە و تۆمەتبارە بە خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
ئەم کەسانە بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکراون. ئەو دوو تۆمەتبارەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسراون، هەفتەی رابردوو لە لایڤی تیکتۆکدا ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە و چەند وشەیەکی نەشیاویان دژی یەک بەکارهێنا.
 
هاوکات، ئەکاونتی ئەم کەسانە لە تیکتۆک، لە ئێستادا لەژێر دەستی  ئاسایشدایە و پۆستەکانیان سڕاوەتەوە و لۆگۆی ئاسایشی سلێمانی لەسەر دانراوە. 

دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بە بڕیاری بەڕێز داواکاری گشتی، هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکران، تۆمەتباران لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە".
 
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی یاسا و بە بڕیاری دادوەر رووبەڕووی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا.



PM:06:40:18/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 4456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت