بافڵ تاڵه‌بانی: پرسی كورد به چه‌ك و شه‌ڕ چاره‌سه‌ر نابێت
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه هیوادارین نیه‌تێكی جددی هه‌بێت بۆ پته‌وكردنی برایه‌تی كورد و تورك و پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا، ده‌شڵێت: "پرسی كورد به چه‌ك و شه‌ڕ چاره‌سه‌ر نابێت".
بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ده‌باشان پێشوازی له وه‌فدی ئیمراڵی به سه‌رۆكایه‌تیی خاتوو په‌روین بوڵدان و سری سوره‌ییا ئونده‌ر كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، له دیداره‌كه‌دا كه قوباد تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌بوو، وه‌فدی ئیمراڵی سڵاو و رێز و په‌یامی (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان)یان گه‌یانده بافڵ تاڵه‌بانی و بڕیار و سیاسه‌ت و بژارده‌كانی خۆشیان له‌سه‌ر رووداوه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه، پرسی ئاشتی له توركیا و گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان روونكرده‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی یه‌كێتی وێڕای به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانیان، بیروبۆچوونی خۆی و ستراتیژیی یه‌كێتی له‌باره‌ی قۆناغی نوێی ئاشتی له توركیا به راشكاوانه خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند كه "پشتگیری و پشتیوانی له‌هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كه‌ین كه مافی گه‌له‌كه‌مان له توركیا ده‌پارێزێت و وه‌ك یه‌كێتیش هاریكاریی سه‌رخستنی ئه‌م هه‌وڵه مێژووییه ده‌بین كه به‌ردی بناغه‌كه‌ی له ساڵی (1993) سه‌رۆك مام جه‌لال داینا".
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی یه‌كێتی روونیكرده‌وه كه "تاوه‌كو پرسی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ناوچه‌كه ئاشتی و ئارامی سه‌رتاسه‌ری به‌خۆیه‌وه نابینێت، وه‌ك وتوشمانه پرسی كورد به چه‌ك و شه‌ڕ نه چاره‌سه‌ر ده‌بێت، نه ئه‌نجامی ده‌بێت، چونكه تاكه بژارده گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی".
بافڵ تاڵه‌بانی وتی: "هیوادارین هه‌موومان ده‌ربه‌ست و په‌رۆشانه كار بۆ سه‌رخستنی ئه‌م ده‌رفه‌ته مێژووییه بكه‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و برایه‌تی و په‌رۆشی بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و ئارامی".
له به‌شێكی تری وته‌كانیدا سه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند ك "باوه‌ڕمان به برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه هه‌یه، هه‌رگیزیش نابینه هه‌ڕه‌شه بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێمان و په‌رۆشی ئه‌وه‌ین هه‌موومان به برایه‌تی و ئاشتی بژین، ئه‌مڕۆش ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بین تاوه‌كو له‌بری هه‌ڕه‌شه زمانی دیالۆگ زاڵبكه‌ین، ده‌ستی برایه‌تی بۆ هه‌موولایه‌ك درێژده‌كه‌ین، هیوادارین نیه‌تێكی جدی هه‌بێت بۆ پته‌وكردنی برایه‌تی كورد و تورك و سه‌رخستنی ئه‌م هه‌وڵه نیشتمانییه".
PM:01:39:18/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 476
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت