رێباز حه‌ملان: په‌یامی سه‌رۆك بارزانی گه‌یشته به‌غدا، ئه‌گینا هه‌نگاوی نامرۆڤانه‌ی تریان ده‌نواند
وێستگه‌نیوز-
رێباز حه‌ملان بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پێیوایه كه كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراق به‌رده‌وام دووباره ده‌بنه‌وه و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی پێشهاتی تریش بین، ده‌شڵێت: "سوپاس بۆ خوا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیمان هه‌یه كه وه‌ك قه‌ڵایه‌ك به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانیان وه‌ستاوه".
رێباز حه‌ملان له نووسینێكدا له‌ژێر ناوی "جه‌وھه‌ری كێشه‌ی جووتیارانی كورد له كه‌ركووك" باس له‌وه ده‌كات كه "بابه‌تی مووچه و بودجه، جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال، جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 140 و جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگا له‌سه‌ر زه‌وییه داگیركراوه‌كانی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، بابه‌تی مامۆستایانی كورد له كه‌ركووك و جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمه. هه‌موو ئه‌م كێشه هه‌ڵپه‌سێردراونه كه به‌رده‌وام دووباره و 100باره ده‌بنه‌وه و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی پێشهاتی تریش بین".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ھۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی باڵاده‌سته له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق، هه‌ر ھه‌مان عه‌قڵیه‌تی مه‌ركه‌زییه‌تی خۆسه‌پێنه‌ری ھه‌یه، كه دانپێدانه‌نانه به مافه‌كانی گه‌لی كورد و چاویان ئه‌و ده‌ستووره‌ش نابینێ كه خۆیان ده‌نگیان پێداوه".
ناوبراو كه له‌سه‌ر پشكی پارتی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه نووسیویه‌تی: "ئه‌و هه‌سته پڕ له قینه‌ی ھه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سی باڵا ده‌ست ھه‌یانه كه ناتوانن ئه‌و ئاوه‌دانی و ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان له حوكمڕانی خۆیدا كردی، ئه‌وان پێیان نه‌كرا به فرۆشتنی ملیۆنان به‌رمیل نه‌وت رۆژانه نه‌یانتوانی ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌یان له باشوور و ناوه‌ڕاست ببه‌نه ئاستێكی خۆشگوزه‌ران و شیاو و ئارام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه یه‌كنه‌بوونی نێو ماڵی كورد به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌غداد و نه‌بوونی یه‌ك ھه‌ڵوێستی نوێنه‌رانی كورد له به‌غداد، له به‌رامبه‌ر ره‌فتاره جۆراوجۆره‌كانی مامه‌ڵه‌ی عێراق له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان، كه به‌رامبه‌ر هه‌رێم ده‌كرێت وایكردووه هه‌ر رۆژه و به ناوی دۆسییه‌كه‌وه كێشه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد دروست بكه‌ن، له ناو هه‌رێم و له ناوچه كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كه ده‌بێت نوێنه‌رانی كورد له به‌غداد ببنه ده‌نگێكی به‌رز و به بیرێكی نه‌ته‌وه‌ییانه كار بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی هه‌موو پرسه‌كان بكه‌ن".
رێباز حه‌ملان ده‌ڵێت: "سوپاس بۆ خوا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیمان هه‌یه كه وه‌ك قه‌ڵایه‌ك به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانیان وه‌ستاوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه خراپترمان پێ نه‌كه‌ن".
ده‌شڵێت: "به یار و نه‌یاره‌وه له به‌رده‌م ھه‌ڵوێسته‌كانی و په‌یامه‌كانی كه ئه‌گه‌ر به باشی پێیان بگات هه‌ڵوه‌سته ده‌كه‌ن خێرا بڕیاره‌كانیان ده‌گۆڕن یان رایده‌گرن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كورد له به‌غدا پێیوایه كه "ئه‌وه‌ی بۆ ساڵی 2025یش له‌سه‌ر مووچه كه رێكه‌وتن كرا ئه‌و په‌یام و ھه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و پێداگیری جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی ھه‌رێم بوو كه زۆر به راشكاوانه گه‌یاندرایه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ، كه بۆ ئه‌م ساڵی 2025 چیتر مایه‌ی قبوڵكردن نییه خه‌ڵكی كوردستان مووچه‌ی دوا بخرێت به‌ناوی كێشه‌ی ته‌كنیكی و هونه‌ری كه له بنه‌ڕه‌تدا ھه‌مووی سیاسی بوو".
رێباز حه‌ملان راشیگه‌یاندووه كه "په‌یامی دوێنێی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر جووتیارانی كورد له كه‌ركووك باش گه‌یشته به‌غداد ئه‌گینا هه‌نگاوی ناده‌ستوری و ناقانونی نامرۆڤانه‌ی تریان ده‌نواند...".
PM:01:22:18/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 436
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت