سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشکردنە سەر جوتیارانی کورد لە کەرکوک هاتەدەنگ


وێستگەنیوز-

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی رێگریکردنی سوپای عێراق لە جوتیارانی کوردی ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک بڵاوکردەوە.


لە راگەیاندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، "ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەورووبەری کەرکوک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکوک، رێگری لە جوتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی رەسەنی ناوچەکە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان پەسەند کرد".

ئەوەش هاتووە، "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە".


PM:06:19:17/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت