"سبه‌ینێ شه‌پۆلێكی به‌فر و باران چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه"
وێستگه‌نیوز-
شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی كورد رایگه‌یاند كه سبه‌ینێ شه‌پۆلێكی به‌فر و باران رۆژئاوای عێراق و باشووری ھه‌رێم ده‌گرێته‌وه، ده‌شڵێت: "كۆتایی ئه‌م ھه‌فته‌یه شه‌پۆلێكی به‌ھێزی سه‌رما و به‌فر و باران ھه‌رێم ده‌گرێته‌وه".
ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "له‌ئه‌نجامی كاریگه‌ری نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆی باكووری ده‌ریای سوور، سبه‌ی یه‌كشه‌مه 16/2/2025 له كاته‌كانی به‌یانیه‌وه بۆ ئێواره شه‌پۆلێكی به‌فر بارین ناوچه جیاجیاكانی پارێزگای ئه‌نبار و بیابانه‌كانی باشور و رۆژئاوای عێراق ده‌گرێته‌وه و ئاسمانی ھه‌رێمی كوردستانیش به‌زۆری ده‌گۆڕێت بۆ نیمچه ھه‌ور و له‌كاته‌كانی شه‌ودا بۆ دره‌نگانی شه‌و شه‌پۆله‌كه به شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ند درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ناوچه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی و كه‌ركوك و ھه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌كانی باكووری گه‌رمیان".
ئه‌و شاره‌زایه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ری بارانی مامناوه‌ند به‌ڕێژه‌ی جیاواز ده‌بێت ھه‌روه‌ھا بارینی به‌فر له شاری سلێمانی به‌تایبه‌ت به‌رزاییه‌كانی ناوچه‌كه و كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله به‌ره‌به‌یانی دوو سبه‌ی دووشه‌مه 17/2/2025 كۆتایی پێدێت".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "له كۆتایی ئه‌م ھه‌فته‌یه‌وه شه‌پۆلێكی به‌ھێزی سه‌رما و به‌فر و باران له جه‌مسه‌ری باكووره‌وه وڵاتانی رۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ھه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌رییه‌كانی ده‌مێنێته‌وه".
هاوكات خه‌ڵات سدیق شاره‌زای كه‌شناسی پێشبینی ده‌كات كه "سبه‌ی یه‌كشه‌ممه له ناوچه‌كانی گه‌رمیان، هه‌ڵه‌بجه، سلێمانی و پێنجوێن و ده‌روبه‌ریان ئه‌گه‌ری بارانی مامناوه‌ند و لاواز هه‌یه به رێژه‌ی 1 – 10 ملیمه‌تر و به‌پێی ناوچه‌كان ده‌گۆڕێت".
راشیگه‌یاندووه كه شه‌پۆله‌كه‌ی 19و 20 و 21ی مانگ جێگیربووه و له‌كاتی گونجاو‌دا رێژه‌ی (به‌فر و باران و ته‌رزه) بۆسه‌رجه‌م ناوچه‌كان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه.
PM:09:26:15/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 5860
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت