نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لە پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد لە سوریا کردەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 15ی شوباتی 2025، لە دووه‌م رۆژی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەسعەد ئه‌لشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبووەوە.


سەرۆکایەتیی هەرێم رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سوریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتییان تاوتوێکرد، هەروەها باسیان لە دۆخی پێکهاتەکانی سوریا و گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا کرد".

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌ سوریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان به‌ دیالۆگ و لێکگەیشتن و کارکردن بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا کرد.

لاى خۆیەوە، ئه‌لشەیبانی پابەندیی سوریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و رەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپاتکردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سوریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان کردەوە.

دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارييه‌ هاوبەشەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوکاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.


PM:02:31:15/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو