نێچیرڤان بارزانی لە ئەڵمانیا بەردەوامە لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 14ی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا لەگەڵ هەریەک لە سيناتۆر كريس ڤان هۆڵن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پيرانى ئه‌مه‌ريكا و خاتوو ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌وروپا کۆبووەوە.


لە دوو راگەیەندراوی جیادا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "له‌ درێژه‌ى كارنامه‌كه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا لەگەڵ دۆستى دێرينى كوردستان، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پيرانى ئه‌مه‌ريكا سيناتۆر كريس ڤان هۆڵن، سوپاسى پشتگيريى به‌رده‌وامى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد".

ئاماژە بەوەکراوە، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌وروپا كۆبووه‌وه‌".

بەپێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم بێت، "سيناتۆر هۆڵن ستايشى رۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى له‌ ناوچه‌كه‌ كرد و به‌رده‌واميى پشتيوانيى كۆنگرێس و دۆستانى گه‌لى كوردستانى له‌ ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه‌، هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و لێكه‌وتەکانی لە رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست باسکرا".

لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا نێچيرڤان بارزانى ستايشى پشتگيريى يه‌كێتيى ئه‌وروپاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى سورياش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

ئورسولا بۆچوونه‌كانى نێچيرڤان بارزانی ده‌رباره‌ى دۆخى سوريا و ناوچه‌كه‌ی به‌گشتى، به‌ جێى بايه‌خ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها ستايش و پێزانينى يه‌كێتيى ئه‌وروپاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش دووپات كرده‌وە و ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى رۆڵ و به‌شداريى ئافره‌ت له‌ شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا كرد.









PM:06:11:14/02/2025






ئه‌م بابه‌ته 6036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت