قۆناغی دووەمی هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێدەکات


وێستگەنیوز-

قۆناغی دووەمی هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانى عێراق دەستپێدەکات.

میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی تەکنیکی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە لە بەغدا، گفتوگۆى لەبارەی هاوتاکردنی ناونیشانی وەزیفی و پلەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق کراوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "هاوتاکردنەکە گۆڕانکاری لە مووچەى نزیکەی 550 هەزار فەرمانبەران دروستدەکات، بەجۆرێک شەش پلەى وەزیفى گۆڕانکاریی لە مووچەکەیاندا دەکرێت، ئەوانەی پلەیان بەرزە، پلە یەک و دوو و سێ، مووچەیان کەمدەبێتەوە کە زیاتر بەرێوەبەرە گشتییەکان، بریکاری وەزارەتەکان، پلە تایبەت و شارەزا و پسپۆران دەگرێتەوە، ئەوانەشی پلەیان نزمە وەکو پلە هەشت و نۆ و دە، مووچەیان زیاد دەکات و پلەکانی دیکەش گۆڕانکاری لە مووچەیان دەکرێت".

بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق داوای یەکخستنی پلەی وەزیفی کردوو، سەرەتا پلەکان رێکدەخرێن و دواتر دەست بە پلەبەرزکردنەوە دەکرێت کە لە ساڵی 2016ەوە واتە ماوەی 9 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانى لە هەرێمى کوردستان راگیراوە، بەهۆیەوە هەر فەرمانبەرێك دوو تاوەکو سێ پلەی فەوتاوە و مانگانە زیاتر لە 100 بۆ 150 هەزار دینار كەمتر لە شایستەی خۆی وەردەگرێت.



PM:04:49:14/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 12952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت