مەسرور بارزانی: گرنگە هەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرهێناندا سوود لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیمارات ببینێت


وێستگەنیوز_

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگیی سوودوەرگرتنی هەرێمی کوردستان لە ئەزموونی پێشکەوتوو و دەوڵەمەندی ئیمارات لە بواری وەبەرهێناندا دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممەمە، 12ـی 2ـی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, لە دووەم ڕۆژی بەشداریکردنیدا لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ محەممەد حەسەن سوەیدی، وەزیری وەبەرهێنانی دەوڵەتی ئیمارات کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وەبەرهێنان و سوودوەرگرتنی هەرێمی کوردستان لە ئەزموونی پێشکەوتوو و دەوڵەمەندی ئیمارات لەم بوارەدا کرایەوە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری دوبەی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە. 

لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان ڕۆژی سێشەممە، 11ـی 2ـی 2025، لە شاری دوبەی دەستیپێکردووە و کارەکانی تاوەکو سبەی پێنجشەممە بەردەوام دەبن. 

لە رۆژی دووشەممەوە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، گەیشتووەتە ئیمارات.

ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران دەکات لەهەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران. پێکهاتووە.


PM:12:33:12/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو