کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ گۆڕان: بە رێککەوتنی هەردوو باڵی بزووتنەوەکە وادەی بەستنی کۆنگرە دیاری بکەن
وێستگەنیوز_
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شاندێکی راسپاردووە بۆ راوێژكردن لەگەڵ هەردوو ئاراستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ رێککەوتن و دیاریکردنی وادەی کۆنگرە.
ئەمرۆ سێشەممە، 11ـی 2ـی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند. "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گفتوگۆی کرد لەبارەی یاداشتی، (فەرمانگەی کاروباری پارتەکان و رێکخراوە سیاسییەکان) کە 29ـی 1ـی 2025 نێردراوە کە پەیوەستە بە راگرتنی رێکارەکانی بەستنی کۆنگرە، هەروەها ئەو نووسراوەی کە پێشکێشکراوە لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید شاسوار، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت، بە ژمارە 7 لە 4-2-2025، هەروەها ئەو نووسراوەی کە لەلایەن یاسین حەمەعەلی محەممەدعەلی، رێگەپێدراوی ئەندامانی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ژمارە 5 لە 4-2-2025، پێشکەشکراوە."
ئاماژە بەوەشکراوە، "دوای گفتوگۆ لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بڕیاردرا بە راسپاردنی (فەرمانگەی کاروباری پارت و رێكخراوە سیاسییەكان) بۆ راوێژكردن لەگەڵ هەردوو داواکاریی بزووتنەوەی گۆڕان، تاوەکو بە رێککەوتن وادەی بەستنی کۆنگرەی گشتیی حیزب (بزووتنەوەی گۆڕان) دیاری بکەن، نابێت وادەی كۆنفرانسەكە لەو ماوەیە تێپەڕ بکات كە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیاری داوە، بە ژمارە (م/1/هەڵاوێردن/ 48) لە 11ـی ئەیلوولی 2024دا دیاریكراوە."
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو بەرە (گۆڕانی گردی زەرگەتە و گۆڕانی گەڕەکی کوردسات) دابەشبووە. بەرەی گەڕەکی کوردسات، 2ـی شوباتیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 29ـی کانوونی دووەم رایگەیاند، ''پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا. بە گوێرەی ئەو داوایەی لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.''
PM:10:29:11/02/2025
ئهم بابهته 2160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت