هۆشیار زێباری بۆ مانگرتووان: بڕیاری کۆتاییهێنان بە مانگرتن بڕیارێکی بەرپرسیارانە بوو
وێستگەنیوز_
پاش 15 رۆژ مانگرتن، مانگرتووانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاریان دا مانگرتنەکەیان هەڵپەسێرن. بەو بۆنەیەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بڕیاری کۆتاییهێنان بە مانگرتن، بڕیارێکی بەرپرسیارانە بوو."
دوای هەڵپەساردنی مانگرتنەکە، هۆشیار زێباری کە پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاند: "مامۆستایانی شاری سلێمانی بڕیاری کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەیان دا، کە بڕیارێکی بەرپرسیارانە بوو. پەیامەکەیان گەیشتە هەموو لایەک."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "مانگرتووان بە بڕیارە دروستەکەیان هەوڵەکانی هەندێک پەرلەمانتاری نەناسراویان پووچەڵ کردەوە کە بەدوای ناوبانگ و پۆپۆلیزمەوە دەگەڕان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم، بەتایبەتی دوای ئەوەی کێشەکە لەگەڵ بەغدا چارەسەر کرا."
داواکاریی سەرەکیی مانگرتووانی سلێمانی ئەوە بوو، کە مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت، هەروەها گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەش بەشێکی دیکەی داواکانیان بوو.
سەرەڕای جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، بەڵام مانگرتووان بە ئامادەبوونی ئاپۆڕای جەماوەری لە خێوەتی مانگرتووان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵپەساردنی مانگرتنیان راگەیاند.
PM:09:19:11/02/2025
ئهم بابهته 3340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت