سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی پارتی بۆ عه‌لی باپیر: پارتی دەیان جار لەپێناو تەبایی و ئارامی لە مافی خۆی خۆش بووە


وێستگەنیوز_

سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی 'ئامۆژگارییه‌كان'ـی عه‌لی باپیر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان ده‌داته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت، "له‌ باره‌ی پارتییه‌وه‌ ده‌بوو به‌ ویژدانه‌وه‌ بدوێیت."

لە راگەیەندراوەکەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکەدا هاتووە، "پارتی خۆی بەرپرسیار دەزانێ لە چارەنووسی گەلی كوردستان و لە دەیان وێستگەدا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و لەپێناو تەبایی و ئارامی و پێكەوەییدا لە مافی خۆی خۆش بووە و هەردەم باجی هەڵوێست و بەرپرسیاریێتییەكانی داوە و بووەتە ئامانجی تیری ناحەزانی گەلی كوردستان."

ده‌قی وه‌ڵامی سه‌رچاوه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی پارتی:

بەڕێز م. عەلی باپیر زۆر سوپاس بۆ نەسیحەتەكانت كە لە پۆستێكی فەیسبووكی خۆت لە ئێوارەی 11ی شوباتی 2025ـدا بڵاوت كردووەتەوە. بەڵام دەبوایە هێندەك بە ئینسافەوە بدوێیت، بەڕێزت یەكێك لەوانەی زۆر چاك شارەزای پارتیت و دەزانی پارتی چیی بۆ ئەم وڵاتە كردووە. پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە گەلی كوردستان بە سەربەرزی بژییت و لەو پێناوەدا تێكۆشاوە و خوێنی داوە و مێژوویەكی ڕووناك و دوورودرێژی لە خەبات و تێكۆشان و دەستكەوتی گەورە هەبووە و لە داهاتووشدا دەیبێت. پارتی خۆی بەرپرسیار دەزانێ لە چارەنووسی گەلی كوردستان و لە دەیان وێستگەدا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و لەپێناو تەبایی و ئارامی و پێكەوەییدا لە مافی خۆی خۆش بووە و هەردەم باجی هەڵوێست و بەرپرسیاریێتییەكانی داوە و بووەتە ئامانجی تیری ناحەزانی گەلی كوردستان. پارتی شانازی بەم بەرپرسیارێتییەوە دەكات و لە سەنگەری پێشەوەی پاراستن و بەرگرییكردن بووە لە كوردستان و ئەمەی بە كردەوە سەلماندووە.

باسی ستەملێكراو و مووچەتان كردووە، لە بەڕێزتان دەپرسین ئایا ڕۆژێك لە ڕۆژان پرسیارتان كردووە كێ قووت و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و بۆچی ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵوێستتان لەبەرانبەر ئەو زوڵم و نانبڕین و دوژمنكارییە نەبووە كە دژی گەلی كوردستان بەڕێوەچووە؟ لەو ستەمەی كە لە خەڵكی كوردستان كراوە نەك تەنیا سلێمانی بەڵكو هەولێر و دهۆك و گەرمیان و بارزان و بادینان و هەڵەبجە و سەرتاسەری كوردستان بەر ئەو ستەمكاری و پێشێلكارییە كەوتوون. نانبڕین و ستەمكارییەكە جگە لە مامۆستا بەڕێزەكان، خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بریندار و پێشمەرگە قارەمانەكان و منداڵی ناو بێشكە و سەرجەم چینوتوێژەكانی كوردستان گرتووەتەوە و نەمانبینی ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵوێستتان هەبێ لەسەر ژیانی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان كە خۆیان فیدای كورد و كوردستان كردووە. ڕۆژێك لە ڕۆژان نەمانبینی ئینسافتان هەبێت و عادل و بوێر بن و پەنجە لەسەر ڕاستیەكاندا بنێن و بڵێن كێ لە پشتەوەی بڕینی قووت و مووچەی خەڵكی كوردستانە.

خەڵكی كوردستان بە هەموو چینوتوێژەكانەوە مافی خۆیانە داواكارییان هەبێت بەڵام هیچ كات لەگەڵ تێكدان و ئاژاوە نین و لەگەڵ ئەوەش نین هەندێ لایەن یاری بە هەست و سۆزیان و چارەنووسی وڵات بكەن، حەز دەكەین بەڕێزیشت لەوە دڵنیا بن كە پارتی لە هەموو بارودۆخێكدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و مومكین نیە ڕێگە بە تێكدان و یاریكردن بە چارەنووسی گەلی كوردستان بدات.


PM:08:15:11/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو