چەند زانیارییەک لەبارەی چارەسەرکردنی مانگرتووان و دەستپێکردنەوەی خواردنی خۆراک


وێستگەنیوز_

پاش هەڵپەساردنی مانگرتنەکەیان کە ماوەی 15 رۆژی خایاند، 13 مامۆستا و فەرمانبەرە مانگرتووەکەی شاری سلێمانی گەیەندرانە نەخۆشخانەی شار بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

لەو بارەیەوە، دکتۆر گۆران محێدین، بەرپرسی بەشی هەناویی نەخۆشخانەی شار رایگەیاندووە: دەستکراوە بە بینینی مانگرتووەکان و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست بۆیان، هاوکات پاش هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی مانگرتووان، جیاواز لە رۆژانی رابردوو چارەسەر دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی 10 رۆژدا دەکرێت مانگرتووان دەستبکەنەوە بە نان خواردن و گەڕانەوە بۆ باری ئاساییان هاوشێوەی رۆژانی پێش مانگرتنیان.

ئەو پزیشکە دەڵێت: دەکرێت هەریەک لە مانگرتووەکان بە شێوە و کاتی جیاواز و پشتبەستن بە باری تەندروستییان، بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و خێزانەکانی خۆیان.

پزیشکێکی دیکە بە ناوی د. سەلمان جاف، پسپۆڕی کلینیکی خۆراک دەڵێت، دەستکردنەوە بە خواردن دوای ماوەیەکی درێژ پێی دەگوترێت، ''ناساندنەوە'' یان ''ئاشناکردنەوەی جەستە بە خواردن'' و ئەگەر لەژێر راوێژی پزیشکدا نەبێت ئەوا دەکرێت مەترسیی جیدی لەسەر تەندروستیی کەسەکە بکات.

بەگوێرەی پێشنیازی ئەو پزیشکە پسپۆرەی بواری خۆراک، "لە رۆژی یەکەم و دووەم باشترە تەنیا ئاو و خوێیەکی کەم لە گەڵ بڕێکی کەم لە شەربەت وەربگیرێت، لەگەڵ مەڵتی ڤیتامین و ڤیتامین B و گیراوەی ئەلیکترۆلایتەکان."
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی دووەم تاوەکو حەوتەمی دوای شکاندنی مانگرتن؛ پێویستە بەپێی کێشی جەستەی کەسەکە، دەستبکرێتەوە بە خواردن، تەنیا سێ یەکی پێویستیی رۆژانەی وەربگرێت و دەکرێت سوود لە تەواوکەری خۆراکی و پڕۆتین وەربگیرێت. پاشانیش شلەمەنییەکان و سووپ بخواتەوە.
 
دوای رۆژی حەوتەمی شکاندنی مانگرتنەکە، "دەست دەکرێت بە خواردنی ئاسایی بە لە بەرچاوگرتی بارودۆخی کەسەکە و فەرمانەکانی کۆئەندامی هەرسی، سوود لە سەرچاوەی پڕۆتینی وەربگیرێت و بە بەردەوامی کەسەکە لەژێر چاودێریی دۆخی ڤیتامین و کانزا و ئەلیکترۆلیتەکان بێت."

لە 28ـى کانوونى دووەمەوە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانى مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندبوو، بەڵام دواى 15 رۆژ، لە بەردەم ژمارەیەکى زۆر لە پشتیوانانیان مانگرتنەکەیان هەڵپەسارد.


PM:07:15:11/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو