تۆڕی هاوپەیمانی 19: ئادەم عوسمان تاوانی نەكردوە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ سێشەممە 11ـی 2ـی 2025، تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایگەیاند، "ئەو تۆمەتەی هاوڵاتی ئادەم عوسمان، لەسەری دەستگیركراوە رۆژانە هاوڵاتیان لەو جۆر گرتە ڤیدیۆیانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە، داوا لە دەسەڵاتی داوەری و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ئازادی بكەن و تۆمەتەكانی لەسەر لابەرن."
 
ئەمڕۆ سێشەممە عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، رایگەیاند "دوێنێ چەند گرتە ڤیدیۆیەكی بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكانم بڵاوكردەوە  هاوڕێیەكم بە ناوی ئادەم عوسمان كە پێكەوە بوین و شوفێری بۆ دەكردم، بانگ كراوە بۆ ئاسایشی هەولێر و پاشان مۆبایلەكەی كوژایەوە ووتی خۆم گرتە ڤیدیۆكانم گرتووە و بڵاومكردووەتەوە نەك ئادەم ئەمەش تاوان نییە" 

تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەڵێت: ئەم بەیانیەیش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە ناوی لێناوە: دانپێدانانی (ئادەم عوسمان سلێمان) كە ڕۆژی یەكشەممە 9-2-2025 شۆفێری بۆ (عەلی حەمەسالح) پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان دەكرد لەو كاتەی پەرلەمانتارەكە سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆگرتنی چەند شوێنێك بوو، بە مەبەستی چەواشەكاری و هاندانی خەڵك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان."

تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایدەگەیەنێت:

1-  ئەو تۆمەتەی هاوڵاتی (ئادەم عوسمان) لەسەری دەستگیركراوە رۆژانە هاوڵاتیان لەو جۆر گرتە ڤیدیۆیانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە و ناكرێت وەك تاوان تەماشابكرێت.

2- پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح رایگەیاندووە كە خۆی گرتە ڤیدیۆییەكانی گرتوەو پاشان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە.  بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە گرتە ڤیدیۆییانە تاوان نییە نە بۆ هاوڵاتی ئادەم عوسمان، نە بۆ پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح.

3- داوا لە دەسەڵاتی داوەری و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هاوڵاتی ئادەم عوسمان، ئازاد بكەن و تۆمەتەكانی لەسەر لابەرن.

هاوپەیمانی 19، لە نیسانی 2024 بە دەستپێشخەری METRO CENTER دامەزراوە، پێك دێت لە كۆمەڵێك داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەكانی میدیا، لە هەرێمی كوردستان، كاردەكات، بۆ چاودێری و بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین، ناوی تۆڕەكە لە بەندی 19 لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤەوە، وەریگیراوە.


PM:05:16:11/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو