ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌رباره‌ی گرژیه‌كانی بازگه‌ی دێگه‌ڵه بڵاوكرده‌وه
وێستگه‌نیوز-
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه دوێنێ له بازگه‌ی دێگه‌ڵه توندوتیژی و گرژی دروست بوو له‌نێوان هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران و چه‌ند كه‌سێك زامدار بوون، گازی فرمێسك ڕژێن له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كان به‌كارهێنا، ده‌شڵێت: "نیگه‌رانین".
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 10ی شوبات، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "ڕۆژی 9ی شوبات ژماره‌یه‌ك مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ر له‌شاری سلێمانیه‌وه به‌ره‌و شاری هه‌ولێر هاتن بۆ ئه‌نجامدانی گردبونه‌وه‌یه‌ك به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی چه‌ند په‌یامێك له‌سه‌ر موچه‌و مافه داراییه‌كانی موچه‌خۆران. دوای گه‌یشتنیان بۆ بازگه‌ی نێوان هه‌ولێر_كۆیه له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی بازگه‌كه ڕێگریان لێ كرا كه بێنه شاری هه‌ولێر به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ك ئیداره‌ی بازگه‌كه ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه مۆڵه‌تی گردبونه‌وه‌یان نه‌بوه له‌لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێره‌وه".
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ده‌ڵێت: "دواتر خۆپیشانده‌ران ویستیان بازگه‌كه تێ په‌ڕێنن توندوتیژی و گرژی دروست بوو له‌نێوان هه‌ردوولاو چه‌ند كه‌سێك زامدار بوون، گازی فرمێسك ڕژێن له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كان به‌كارهێنا".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌سته سلێمان محسن په‌یوه‌ندی به‌پارێزگاری هه‌ولێره‌وه كرد سه‌باره‌ت به هۆكاری ڕێگه‌نه‌دان به خۆپیشانده‌ران ناوبراو ڕایگه‌یاند كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك داوای مۆڵه‌تی نه‌كردوه نازانرێ خۆپیشانده‌ران كێن بۆیه به‌پێی یاسای خۆپیشاندان ڕێگه‌یان پێ نه‌داون".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "هه‌رله‌هه‌مان رۆژدا ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایان له‌شاری هه‌ولێر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست گردبوونه‌وه دوای كه‌متر له‌یه‌ك كاتژمێر به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانیان كۆتاییان به گردبونه‌وه‌كه‌یان هێنا".
ده‌سته‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات كه "هه‌رچه‌ند هه‌واڵی ئه‌وه بڵاو بۆوه كه چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگیركرابن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته تیمێكی تایبه‌تی ده‌سته كه‌پێكهاتبوون له‌هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یاسای و په‌یوه‌ندییه‌كان وڕاگه‌یاندن سه‌ردانی ئاسایشی هه‌ولێریان كرد له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێره‌وه پێشوازی لێكرا و ڕایگه‌یاند هیچ خۆپیشانده‌رێك ده‌ستگیر نه‌كراوه‌و بانگ نه‌كراوه بۆ ئاسایشی هه‌ولێر تێمه‌كانی ئێمه‌ش بۆ پاراستنی خۆپیشانده‌ران له‌ئه‌ركدان".
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كانه‌وه به‌ووردی چاودێری ده‌كرد و به‌دواداچونی بۆ هه‌ر هه‌واڵێك ده‌كرد له‌و باره‌وه له‌ڕێگه‌ی تیمی تایبه‌ته‌وه. پێویسته بگوترێ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ته‌واو پشتیوانی هه‌ر چالاكی و گردبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی ڕێنمایی و یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ڕێگایه‌ش به‌مافێكی سروشتی ویاسایی ده‌زانین بۆ داواكردنی مافه‌كان و له‌هه‌مان كاتدا نیگه‌رانین له‌هه‌ر گرژی و ئاڵۆزی و به‌یه‌كدادانێك له‌هه‌ر لایه‌ك ڕووبدات و هه‌میشه پشتیوانی زمانی دیالۆگ و ئاشتی و ڕێگای مه‌ده‌نی ده‌كه‌ین".
ده‌سته‌كه ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێ ئاماژه‌ش به‌وه بكه‌ین هیچ سكاڵایه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌و یان بونی حاڵه‌تی ده‌ستگیر كردن به‌فه‌رمی نه‌گه‌یشتۆته ده‌سته‌كه‌مان له‌لایه‌ن هیچ كه‌س و ڕێكخراو‌و لایه‌نێك به‌ڵام ئێمه وه‌ك ئه‌ركی خۆمان به‌رده‌وامین له‌به‌دوا داچوون و چاودێریكردنی رووداوه‌كان".
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ داوا له‌لایه‌نه سیاسیه‌كان ده‌كات "به‌گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان كه له‌كاتی هه‌ر گردبونه‌وه‌و چالاكیه‌كی مه‌ده‌نی له‌وجۆره خۆیان به‌دوور بگرن له‌ده‌ست تێوه‌ردان و هاندان بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی خۆپیشانده‌ران به ڕێگه‌ی یاسایی خۆی و سروشتی خۆی بگاته لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار".
PM:09:04:10/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 6736
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت