ئاری ھه‌رسین: خه‌ڵكانێكی نادیموكراتی دژی به‌شه‌ر ده‌یانه‌وێت ئه‌م ئارامییه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنی
وێستگه‌نیوز-
ئاری ھه‌رسین به‌رپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه ئه‌وه‌ی له خێمه‌ی مانگرتووان ده‌گوزه‌رێت ته‌نها په‌یوه‌ندی به مووچه‌وه نییه‌و شتێكی گه‌وره‌تری له پشته‌وه‌یه، ده‌شڵێت: "خه‌ڵكانێكی نادیموكراتی دژی به‌شه‌ر ده‌یانه‌وێت ئه‌م ئارامییه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنی".
ئاری ھه‌رسین بۆ كه‌ناڵی كوردستان 24 ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "بڕوامان وایه هه‌موو مرۆڤێك مافی خۆیه‌تی له چوارچێوه‌ی میتۆدی دیموكراسیدا داوای مافه‌كانی خۆی بكات جاری وا هه‌یه ئه‌مه به یاداشتێك ده‌كرێت جای وا هه‌یه به خۆپیشاندان و مانگرتن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی له خێمه‌ی مانگرتووانی سلێمانی ده‌گوزه‌رێت شتێكی گه‌وره‌تری له پشته‌وه‌یه و ته‌نها په‌یوه‌ندی به مووچه و قوتی خه‌ڵكه‌وه نییه".
وتیشی: "له پیلانێك ده‌چێت كه خه‌ڵكانێكی تر، زۆرزانتر له‌وانه‌ی له‌ژێر خێمه‌كه‌دان ئه‌م پیلانه‌یان داڕشتووه بۆ مه‌رامی خۆیان".
ئاری ھه‌رسین باس له‌وه‌ش ده‌كات كه "مه‌رامه‌كه‌ش روونه كه هه‌رێمی كوردستانه. له‌م گۆڕانكارییه‌ی دوایی كه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روویداوه، كۆتاییهاتنی رژێمی ئه‌سه‌د و دروستبوونی بۆشایی سیاسی، زۆر هاوكێشه‌ی گۆڕیوه هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له‌و لایه‌نانه‌ی ده‌توانێت رۆڵێكی باش بگێڕێت له داڕشتنه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاست له چوارچێوه‌ی حوكمێكی دیموكراسی و ئازادی ئینساندا".
راشیگه‌یاند كه "وه‌كو چۆن لایه‌نه دیموكراتخوازه‌كان ده‌توانن رۆڵی ئیجابی ببینن و قازانج ده‌كه‌ن له پرۆسه‌كه‌دا، خه‌ڵكانێكی نادیموكراتی دژی به‌شه‌ر زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن و ئێستا له په‌له‌قاژه‌ی كۆتاییدا ده‌یانه‌وێت ئه‌م ئارامییه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنی تا سه‌رنجی رای گشتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌ره‌وه بۆ ئه‌م پشێوییه‌ی هه‌رێمی كوردستان رابكێشن".
PM:10:01:09/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 9328
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت