وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری سلێمانییەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن و وتیان، ئامانجیان ئەوەیە داواکاری مانگرتووان لە نزیکەوە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنن، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێگەیان پێنەدرا. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان."
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "لەو پێناوەش دا بە بەردەوامی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا لە هەوڵی چارەسەرکردنی بابەتە هەڵواسراوەکانین."
ئاماژە بەوەش دەدات: "چەند رۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت و کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن."
راگەیەندراوەکە باس لەوە دەکات: "بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت."
پێشتریش، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر وتی: "مامۆستا و فەرمانبەر و مووچەخۆر و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام ناڕازیبوونەکە لە کوێیە؟ لە بەغدایە. بەغدا ئەو ستەمە لە ئێمە دەکات".
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، "کێشەمان لەگەڵ داواکاری مانگرتووانی سلێمانی نییە، ئەوانەی لە پشت خێوەتەکەوە بابەتەکانیان ئاوەژوو کردووەتەوە و تێكەڵی کێشەی دیکەیان کردووە و باسی ئەوە دەکەن کە ئەوە رای گشتی لەگەڵدایە (بەو جۆرە نییە)؛ رای گشتی لە 20ی ئۆکتۆبەری دەریخست کە زۆرینە لەگەڵ کێیە. هێشتا پەرلەمانەکەمان دەستبەکارنەبووە و کابینەی نوێ دەستبەکارنەبووە، کەچی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق لە پشت خێوەتەوە دەستی پێکردووە".
لەبارەی سەردانی بەشێک لە ئەندامانی شاندەکەی رۆژی هەینی پەرلەمانی عێراق بۆ شوێنی مانگرتووان دەڵێت: "ئەوانەی لە بەغدا پێشنیازیان کردووە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت، ئێستا لە پشت خێوەتەکەوە قسە دەکەن. ئەوانەی لە بەغدا دەستیان هەڵبڕیوە و دەنگیان پێداوە و دژایەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هاتوون لە بن خێوەتەکە فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن".
پارێزگاری هەولێر لەبارەی پێشوازینەکردن لە "میوانی رەزا قورس" کە ئەم بەیانییە وتبووی، رایگەیاند: "لەگەڵ ئەو عەرەبانەمانە کە ئێستا لە دێگەڵە لەنێو کۆستەرەکاندان؛ عەرەبێک نە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانە و نە فەرمانبەری ئێمەیە و لەوێ بودجەی ئێمە ئەوان دەیبڕن و ئەوان بێن بەناوی خۆپیشاندەر و بەناوی خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتەکانی دیکە بێننە هەولێر، ئەوانە رێگەیان پێنادرێت؛ ئەوانە رەزا قورسەکانن، نەوەک ئەوانەی کە فەرمانبەری هەرێمی کوردستانن. حەقی خۆیانە هەموو هەرێمی کوردستان مان بگرێت و خۆپیشاندان بکات و ناڕەزایی دەربڕێت بەرامبەر بەو زوڵم و ستەمەی لە بەغدا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت".
PM:04:06:09/02/2025
ئهم بابهته 4608
جار خوێنراوهتهوه