عەلی باپیر: گیان لەدەستدانی هەر مانگرتوویەک بەرپرسیاریەتییەكەی لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمدایە


وێستگەنیوز_

عەلى باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان پەیامێکى سەبارەت بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانى بڵاوکردەوە و دەڵێت: "گیان لەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ بەرپرسیاریەتییەكەی لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت."

سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "هۆشداریی بە بەرپرسانی هەرێم دەدەم هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە، با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ.

دەقى پەیامەکە:-

مانگرتن و خۆپێشاندان و هەڵوەستەیەك

نزیك دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان بەمانگرتن لە خواردن كردوە، وەك هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر شكست و كەمتەرخەمیی حكومەتی هەرێم، لە دابینكردنی مووچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆراندا.
بەوبۆنەیەوەش دەڵێم:1- بێگومان مانگرتن و خۆپێشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لە شێوازەكانی بەرگرییكردنیان لە ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتییان، شایستەی سوپاس و پێزانینی هەموو لایەكە.

2- هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدەم هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە و، با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان و، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن و، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ.

3- بێگومانیش گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكوومەت و بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت، بەو هیوایەی بەزووترین كات ئەو كێشە و گرفتە چارەسەر بكرێ. هیچ كەسێكی خاوەن ئیمان و ویژدانیش، ناتوانێ لەگەڵ ستەملێكراواندا نەبێ و، دژی ستەم و بێدادیی نەبێ.

عەلی باپیر
9 شەعبانی 1446 ك
8 / 2 /2025 ز


PM:08:43:08/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو