سه‌نته‌ری میترۆ: ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌ر هه‌ن ئه‌مشه‌و به‌شدار بازیانی به كه‌فاله‌ت ئازاد بكرێت
وێستگه‌نیوز-
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له مافی رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند كه ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌ر هه‌ن ئه‌مشه‌و به‌شدار بازیانی به كه‌فاله‌ت ئازاد بكرێت.
سه‌نته‌ری میترۆ له راگه‌یه‌ندراوێكدا باس له‌وه ده‌كات كه "پاش ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی رۆژنامه‌نووس به‌شدار بازیانی، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ په‌یوه‌ندی به كاك قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه كرد، داوای لێ‌كرد جه‌نابی به پێی یاسا ببێت به ده‌ستبه‌ری كه‌سی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه و ئه‌مشه‌و له مانه‌وه‌ی نه‌مێنێته‌وه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "سه‌نته‌ری میترۆ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدا هه‌ر كاتێك داواكرا بۆ به‌رده‌م دادوه‌ر ئاماده‌بێت".
سه‌نته‌ری میترۆ ده‌ڵێت: "هه‌ندێ ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌رمان له به‌ڕێزیان گوێ لێ‌بوو، كه ئه‌مشه‌و به پێی یاسا كه‌فاله‌تی بۆ بكرێت".
كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆ میترۆ له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه رۆژنامه‌نووس به‌شدار بازیانی داواكراوه سه‌ردانی بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار بكات، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه پاشان دادوه‌ره‌ری لێكۆڵینه‌وه بڕیاریداوه به مانه‌وه‌ی له گرتوخانه تا به‌رواری 9ی شوباتی 2025.
سه‌نته‌ری میترۆ داوایكرد "ده‌ستبه‌جێ به‌شدار بازیانی به كه‌فاله‌تی شوێنی كاركردنی ئازاد بكرێت و ره‌چاوی ئه‌وه بكرێت كه كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نوسی (نوسین و بیر‌ورا) به پێی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت ، هیچ یاسایه‌كی تر جێگه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ناگرێته‌وه".
PM:06:30:05/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 1188
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت