نێچیرڤان بارزانی: پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز_

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ـی 2ـی 2025، نێچيرڤان بارزانى، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د ئه‌لحه‌سان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوکاريی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لەسەر گرنگيی پاراستنى سەقامگیريی سیاسی له‌ عێراق کراوەتەوە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پتەوکردنی هاريكاريى نێوان بەغدا و هەولێر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولايان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن به‌ پێويست زانى.
 
هاوکات، هەردوولا "هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، خرانە به‌ر باس و له‌و باره‌يه‌وه‌، داكۆكى لەسەر بەردەواميی پشتگیريی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و هاوکاری و هەماهەنگيی بەردەوامى نێوانيان کرايه‌وه‌.


PM:01:33:05/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت