هەر خانەنشینێک بۆ ئەم مانگە بڕی 100 هەزار دینار لە موچەکەی دەبڕدرێت


وێستگەنیوز_ شاهین فوئاد

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان زانیاری لە بارەی بڕینی 100 هەزار دیناری خانەنشینان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بڕیارەکە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە.

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە نۆی یەکگرتووی عێراق، هەر خانەنشینێک مووچەکەی لە ملیۆنێک دینار کەمتر بێت، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەر یەکەیان دەرماڵەیەکیان بە بڕی 100 هەزار دیناری وەک دیاری پێدەدرا.

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو بڕیارە ساڵانە نوێ دەکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری نوێ لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بۆیە پێدانی ئەو دەرماڵە 100 هەزار دینارییە ڕاگیراوە و ئەگەر بڕیاری خەرجکردنی بدرێت و بڕیاری پێدانی ئەو پارەیە بۆ ساڵی 2025 نوێ بکرێتەوە، ئەوا چەند مانگ بخایەنێت؛ خانەنشینان هەموو بڕە پارەکە بەسەر یەکەوە وەردەگرنەوە".

سادق عوسمان لە بارەی ئەو خانەنشینانەی کە پێش 2014 خانەنشین بوون و تا ئێستا مووچەکانیان هاوتا نەکراوە باسی لەوەکرد: "بۆ ئەم مانگەش بەشێکی دیکەی ئەو خانەنشینانە مووچەکانیان هاوتا دەکرێت و بەو هاوتا کراوییە وەریدەگرن، ئەوەشی ماوە بۆ مانگی دوو هاوتا دەکرێن و کۆتاییان پێدێت".


AM:11:50:05/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 8872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو