ئاسۆ فەرەیدوون بۆ مانگرتووان: هەوڵ دەدەین لە بەغداوە ڕەوایەتی ئەو داواکارییەی ئێوە بگەیەنین بە هەموو لایەک


وێستگەنیوز_

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بە مانگرتووانی سلێمانی دەڵێت: "هەوڵ دەدەین لە بەغداوە ڕەوایەتی ئەو داواکارییەی ئێوە بگەیەنین بە هەموو لایەک."

ئاسۆ فەرەیدوون، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی الاولی عێراقی پشتگیری خۆی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانئ ومانگرتوو لە سلێمانی دەربڕی. 

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بێژەری کەناڵەکە پرسی و وتی "وەک ئاشکرایە ئێستا خۆپیشاندەران و ناڕازییەکان، مانیان لە خواردن و تەنانەت لە ژیانی خۆشیان گرتووە، عەیبە نییە بۆ عێراقییەک کە داوای مافی خۆی لە وڵاتی دیکە بکات بۆ ئەوەی مافەکەی چنگ بکەوێت؟" ئاسۆ فەرەیدوون وتی: عەیبە بۆ ئەو وڵاتەیە کە مافی فەرمانبەرانی نەدات، عەیبەیە و لە رووی یاسایی و ئەخلاقی و دەستوورییەوە سەرپێچییە کە حکومەتێک، سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی نەدات و مووچەیان لەکاتی خۆیدا نەداتێ.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: بەپێی ماددەی 14 و 15ـی دەستووری عێراق، سەرپێچییە کە هاوڵاتییەکی سلێمانی، هەولێر و دهۆک لەگەڵ هاوڵاتییەکی بەسرە یەکسان نەبن لە وەرگرتنی مووچەدا. 

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرپێچی یاسایە و عەیبەیە ئاوا رەفتەر لەگەڵ هاوڵاتیان بکرێت لە کاتێکدا ئەو گەلە رۆلی کاریگەری هەبوو لە پارێزگاری، بنیادنان،  کەوتنی سەددام حوسێن و نوسینەوەی دەستووری ئەم وڵاتەدا." 

لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا ئاسۆ فەرەیدوون دەڵێت: "عەیبە ئەوەیە بەر لە 50 ساڵ، سەید موحسین حەکیم (موحسین تەباتبائی حەکیم، مەرجەعی شیعەکانی عێراق و باوکی محەممەد باقر حەکیم)، خوێنی کوردی حەرام کردووە، بەڵام ئێستا نەوەکانی وادەکەن لە کاتێکدا ئەوان بە خوێنی گەلی کورد و خەڵکی ئەهوارەکان و کەسانی ناڕازی لەسەر ئەو کورسییە دانیشتوون، لە کاتێکدا ئەو شارە (سلێمانی) لانکەی ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق بوو لە سەردەمی خۆیدا، ئێستا بەو شێوەیە سزای دەدەن. عەیبە ئەوەیە دەوڵەتێک مووچە نەنێرێت لەبەر هۆکاری سیاسی، لە کاتێکدا ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەمای سیاسەتی هاوبەش و بەشداریکردنی هەموو لایەنێک بنیاد نراوە."

ئەوەشی خستەڕوو کە، خۆی بە نوێنەری حکومەتی هەرێم و بەغدا نازانێت و وتی: "من نوێنەری گەلەکەی خۆمم، من نوێنەری ئەو کەسانەم ئێستا لە مەیدانی نارەزایەتییدا لە سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن و مانیان لە خواردن گرتووە." 

جەختیش دەکاتەوە لەوەی: "ئەوەی پێی وابێت و وەهمی ئەوە بکات، ئەوەی لە سلێمانی روودەدات، ئەوە زۆر هەڵەیە، ئەوەی وابزانێت گەر شتێک لە سلێمانی بقەومێت، ناوچەکانی دیکە ناگرێتەوە، زۆر هەڵەیە. عێراق یەک وڵات و یەک قەوم و نەتەوەیە، هۆکاری ئەمە هەردوو لایەنی حکومەتی هەرێم و فیدراڵە کە گەیشتووینەتە ئەم رۆژە."


AM:09:25:05/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت