بازرگانێکی سلێمانی: زیاتر لە ملیۆنێک دۆلارم لەژێر ناوی بۆرسەدا لە لایەن هاوڵاتییەکی عەرەبەوە خوراوە
وێستگەنیوز_
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق دەڵێت: لە لایەن کۆمپانیای وەهمییەوە، ملیۆنان دۆلاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بە فرت و فێڵ و بە ناوی بۆرسەوە براوەتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و زیانێکی گەورە بە خەڵک گەیەنراوە. بازرگانێکی سلێمانیش ئاشکرای کردووە، زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری لەلایەن کەسێکی عەرەبەوە خوراوە و لە ئێستادا کێشەکەی بردووەتە نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ و چاوەرێی چارەسەرکردنییەتی.
محەمەد حسێن بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، "وێبسایت دروستکراوە بۆ کڕینی کانزاو شمەک لە بۆرسە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام وێبسایتەکە بنەمای نەبووەو پارەی خەڵکێکی زۆر خوراوە. ئەمەجگە لەوەی کۆمپانیای تر هەبووە لەژێر ناوی کڕینی زێڕو زیو پارەی خەڵکی زۆر بردووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆمپانیا هەیە زیادەڕەوی دەکات لە فرۆشتندا، بۆ نموونە بەهای سەرمایەکەی 100 هەزار دۆلارە، کەچی بە بەهای 500 هەزار دۆلار کڕین و فرۆشتن دەکات. پارەی خەڵکێکی زۆریش لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی وەهمی یاخود کڕین و فرۆشتن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە خوراوە."
بەبڕوای شارەزایانی بواری ئابووری، نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق و هەرێم، وایکردووە خەڵکێکی زۆر لە کڕین و فرۆشتن لە ڕێگەی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە زەرەرمەند بن و هەندێک بازرگان و کۆمپانیاش دۆخەکە بقۆزنەوە.
بەشێکی زۆر لەو هاوڵاتیانەی لە هەرێمی کوردستان دووچاری زیانی مادی و دارایی دەبن هۆکاری بەشداربوونیانە لە بۆرسە، بەو پێیەی بەشێکیان شارەزای دارایی و ئابوورییان نییەو چاولێکەری پاڵنەریانە بۆ بەشداریکردن لەو بازاڕە ئەلیکترۆنییە.
بازرگانێکی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی باس لەوە دەکات، لەلایەن کۆمپانیایەکەوە و لە ژێر ناوی بەشداری کردن لە بۆرسەدا، ملیۆنێک و 102 هەزار دۆلاری براوە، ئەمە جگە لەوەی هەمان کۆمپانیا پارەی 78 بازرگانی تری بردووەو هەر بازرگانێک پارە خوراوەکەی زیاتر بووە لە 300 هەزار دۆلار.
ئاسۆ محەمەد، بازرگانێکی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانییە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"ئەو کەسەی بە ناوی بۆرسەوە پارەکەی خواردووین هاوڵاتییەکی عەرەبە، سکاڵامان لەسەر تۆمار کرد و نزیکەی سێ مانگ دەستگیرکرا، بەڵام دواتر ئازاد کرا. ئەو کەسە ئێستا بە پارەی ئێمە کۆمپانیای داناوە و خانووی گرانبەهای کڕیووە، هانامان بۆ ئاسایش و دارایی و فەرمانگەکان بردووەو هیچیان بۆ نەکردووین."
دەشڵێت، "دەستم بە نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی گەیشتووە و فشارم خستووەتە سەر ئەو کەسە عەرەبەی پارەکەی خواردووین، ئێستا دەیەوێت لەو ملیۆن و 102 هەزار دۆلارە، 250 هەزار دۆلارم بداتەوە و منیش قەبوڵم نەکردووە."
PM:11:46:04/02/2025
ئهم بابهته 1548
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت