عەلی حەمە ساڵح: هەموو مانگێک ملیۆنێک و 410 هەزار دۆلاری نەخۆشخانەی هیوا دەخورێت
وێستگەنیوز_
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، "هەموو مانگێک ملیۆنێک و 410 هەزار دۆلاری نەخۆشخانەی هیوا دەخورێت.
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: "چوار ساڵە خەریکی ئەم دۆسیەم، بە تایبەت بۆ قوباد تاڵەبانی باسدەکەم کە بەرپرسی یەکەمی حکومڕانە، لە رووی یاساییەوە بەرپرسیارم لەم بەڵگانەی دەیانخەمە ڕوو."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو مانگێک نزیکەی یەک ملیۆن و 410 هەزار دۆلاری سندووقەی شیرپەنجەی نەخۆشخانەی هیوا دەخورێت. چۆن؟ پێشتر جگەرە بە گومرگ دەهات، بۆ نموونە شەش مانگی کۆتایی 2018م وەرگرتووە کە قاچاخ نەبووە، یەک ملیۆن و 692 هەزار و 226 کارتۆن جگەرە هاتووە؛ لە هەر کارتۆنێک پێنج دۆلار بۆ نەخۆشخانەی هیوا و سندوقی شێرپەنجە بووە."
"ئەمە بێجگە لەوەی، گومرگی فەرمی 54 ملیۆن دۆلار بووە، هەموو مانگێک 9 ملیۆن دۆلار تەنها لە باشماخ بۆ پرۆژە و خزمەتگوزاری سلێمانی دەهاتەوە بۆ بانکی ناوەندی سلێمانی؛ یەک ملیۆن و 410 هەزار دۆلاریش بۆ سندووقی شێرپەنجە و نەخۆشخانەی هیوا بووە." بە وتەی عەلی حەمە ساڵح.
دەشڵێت: "ئیستا ئەم پارەیە بووە بە سفر، پێشتر هەر کارتۆنێک جگەرە 32 دۆلار گومرگی هەبوو 5 دۆلاریش بۆ نەخۆشخانەی هیوا بوو، بەڵام نەماوە لەلەبەرئەوەی 100% بە قاچاخی دێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "32 دۆلارەکە بووە بە 15 دۆلار، لە بازاری جگەرە لە قاتی سەرەوە نوسینگەیەکیان داناوە، تۆ بۆ دەچیت پارە دەدەیت بە گومرگ، وەرە بۆ نموونە دوو بار جگەرەت هەیە، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەتیان دەدەیتێ و گومرگەکەی دەدەیت، بۆ نموونە هەزار کارتۆنە، تۆ هەزار 15 دۆلار دەدەیت و ژمارەکەت دەدەن بە ئاسایش و بە خەتی ئاسایشدا تێپەردەبیت."
هەروەها دەڵێت: "شەرمە یەکێتییەکی خاوەنی ملیاران دۆلار، چاو ببڕنە دەرزی منداڵێکی توشبووی شێرپەنجە، کاک قوباد من تۆ دەخەمە بەردەم بەرپرسیارییەتییەوە، هەمووی دەسەلمێنم و خۆشت دەزانی هەمووی راستە، چوار سال پێش ئێستاش ئەمەم بە نووسراوی فەرمی بۆ ناردوویت و داومەتە داواکاری گشتی."
لە کۆتاییشدا باس لەوە دەکات: "هەموو مانگێک نۆ ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژە و خزمەتگوزاری خەڵکی سلێمانی و ملیۆنێک و 410 هەزار دۆلاریش بۆ نەخۆشخانەی هیوا دەبێت؛ تەنها ئەم رێگە قاچاخە داخەن، تەنها باسی باشماخ دەکەم و تەنها باسی جگەرە دەکەم.. من لەسەر ئەم دۆسیەیە دەرۆم."
PM:09:11:04/02/2025
ئهم بابهته 756
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت