"لەناو دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر پارێزەرێک لەلایەن زیاتر لە پۆلیسێکەوە بریندارکرا"
وێستگەنیوز_
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ لەناو دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لەلایەن پاسەوانانی دادوەرێکەوە هێرشکراوەتە سەر پارێزەرێک و بریندارکراوە.
بەختیار حەیدەر سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان سكاڵایەکی ئاڕاستەی دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کردووە و تێیدا داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بکرێت، هاوکات ئەو کەسانەی هێرشیان کردوەتە سەر ئەو پارێزەرە روبەروی یاسا بکرێنەوە.
راشیگەیاندووە، وەکو سەندیکای پارێزەرانی کوردستان پشتگیری تەواوی ئەو پارێزەرە دەبین و نوێنەری یاساییمان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و ئامادەبوون لەکاتی لێکۆڵینەوە دەستنیشان کردووە.
لای خۆشیەوە، ئارام گەردی، وتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر رایگەیاندووە، "ئەو پارێزەرە کەیسێکی لابووە، کە لای دادوەرێکی دادگای دەشتی هەولێرە. تاوەکو ئێستا نازانین هۆکاری ناکۆکییەکە چی بووە، بەڵام ئەمڕۆ لە دادگا لەلایەن زیاتر لە پۆلیسێکەوە هێرش کراوەتە سەری و خەڵتانی خوێن کراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو پارێزەرە هەر کارێک و سەرپێچییەکی کردبێت، نابێت بەم شێوەیە و لەلایەن زیاتر لە پۆلیسێکەوە هێرشی بکرێتە سەر؛ دەبووایە کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت."
پارێزەرەکە ناوی سیهاد عەبدولکەریم مەجیدە. وتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر دەڵێت، "ئەو کەسە ئەمڕۆ بۆ کەیسێک چووەتە دادگا و لەلایەن زیاتر لە پۆلیسێکەوە کە پاسەوانی دادوەر بوون، هێرشی کراوەتەسەر، دواتر دەستگیر کراوە و راگیراوە."
PM:08:40:04/02/2025
ئهم بابهته 1236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت