ئامانج ره‌حیم: هه‌رێم پابه‌ندییه نه‌وتی و نانه‌وتیه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه مووچه‌ی هه‌ر 12 مانگی ساڵی 2025ی هه‌رێم دابینكرا، ده‌شڵێت: "هه‌رێم پابه‌ندیی ته‌كنیكی و پابه‌ندییه نه‌وتی و نانه‌وتیه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات".
ئامانج ره‌حیم له راگه‌یه‌ندراوێكدا باس له‌وه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی له شاندی دانووستانكار و تیمی حكومه‌تی هه‌رێم و گشت دڵسۆزان، "له‌ماوه‌ی چه‌ندی رۆژی رابردوو، لێبڕاوانه كارمان كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و شایسته داراییه‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌به‌غدا، ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابووردوو بۆ 13 كاتژمێر له‌گه‌ڵ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی فیدڕاڵ، تیمی هه‌ردوولا لێبڕاوانه كارمان كرد بۆ گه‌یشتن به‌م ده‌رئه‌نجامه".
ئامانج ره‌حیم ده‌ڵێت: "ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانمان هاته به‌رهه‌م و ته‌مویلی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كرا بۆ مانگی یه‌ك و رێك به‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه هه‌ردوولامان له‌سه‌ری ڕێككه‌وتبووین و ئه‌مڕۆ به‌یه‌ك گوژمه به كاش خرایه سه‌ر ئه‌ژمێری حكومه‌تی هه‌رێم".
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نووسیویه‌تی: "سوپاس بۆ پشوودرێژیی مووچه‌خۆران و هیوادارم ئیتر كۆتایی به نه‌هامه‌تیی ونیگه‌رانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بێت بۆ ته‌واوی ساڵی 2025، كه به گوێره‌ی ڕێكه‌وتنه‌كه مووچه‌ی هه‌رێم دابینكرا بۆ هه‌ر 12 مانگی ساڵی 2025".
راشیگه‌یاندووه كه "بۆ زه‌مانه‌ت كردنی به‌رده‌وامی ئه‌م ڕێكه‌وتنه، له به‌رامبه‌ردا هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له جێبه‌جێكردنی پابه‌ندیی ته‌كنیكی و پابه‌ندییه نه‌وتی و نانه‌وتیه‌كانی به تایبه‌تیش كه ئاسته‌نگی یاسایی نه‌ما له به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بوودجه".
PM:01:21:04/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 884
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت