سودانی‌ و قوباد تاڵه‌بانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ هه‌رێمیان تاووتوێ كرد


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ میانی‌ پێشوازیكردنی‌ له‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، جه‌ختی له‌ گرنگی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ هه‌رێم كرده‌وه‌.


نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازی له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و وتووێژیان سه‌باره‌ت به‌ دیارترین دۆسێكان له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی، و باشترین ڕێگاكان بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت كرد، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ ئاست خواستی هاوڵاتیان له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی عێراقدا بێت.

نووسینگه‌ی‌ سودانی‌ ده‌ڵێت: "ده‌نگدانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ هه‌مواری یاسای بودجه‌، بواره‌كانی هاریكاری دامه‌زراوه‌یی فراوانتر ده‌كات و ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاسته‌نگه‌ ئیدارییه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت".

هاوكات سودانی‌ ئاماژه‌ی به‌ پاڵپشتیی حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كرد بۆ گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و گرنگیی  پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ هه‌رێم، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوو.

لای خۆیەوە قوباد تاڵه‌بانی‌ له‌ فه‌یسبووك نووسی: "له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گفتوگۆمان كرد له‌باره‌ی دواگۆڕانكارییه‌كان و رێكاره‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی گرفته‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد كه‌ له‌ ئێستادا هه‌نگاوی زۆر باش نراوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاریی كێشه‌كه‌".

جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێت: "هه‌روه‌ها باسی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانمان كرد و سودانی پشتیوانی خۆی ده‌ربڕی بۆ گفتوگۆكانی نێوان لایه‌نه‌كان و ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان".

راشیگه‌یاند كه‌ "سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكارییه‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و چۆنییه‌تی پاراستنی ئاسایشی عێراق له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو جه‌ختمان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ".



PM:08:25:03/02/2025






ئه‌م بابه‌ته 1092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو