مەزڵوم عەبدی: دەمانەوێت خۆمان کاروبارە ناوخۆییەکانمان بەڕێوەبەرین نەک سووریا پارچە پارچە بکەین
وێستگەنیوز_
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کوردانی سووریا نایانەوێت حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن بەڵکو دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزی کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن.
میدیای ئەمریکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوکردەوە. لەوێدا چەند پرسێکیان تاوتوێکرد کە دیارترینیان دۆخی ناوخۆی سووریا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بوون.
مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، لەم دواییانەدا چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر کەوتووە و لە ئێستادا هەردوولا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ داهاتووی سووریا دەدەن لەگەڵیدا داهاتووی کورد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد هەنگاوێکی مێژوویی بوو، لەسەر ئەو بناغەیەش پێویستە سووریایەکی نوێ بنیادبنرێت کە حیزبی بەعس و ئایدۆلۆجیاکەی تێدا دووبارە نەبێتەوە و دەمانەوێت پێکەوە سووریا بەرەو پێشەوە پاڵبنێین".
سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی لە دیمەشق لەهەفتەی رابردوو ئەنجامدرا و تێیدا ئەحمەد شەرع بە سەرۆک کۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر هەڵبژێردرا فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، "ئێمە لەو کۆبوونەوەیە ئامادەنەبووین و لێدوانیشی لەسەر نادەین".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بابەتە لەگەڵ ئەواندا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە، دانوستان لە نێوان ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە و هەڵوێستیان بە گوێرەی ئەنجامی دانوستانەکانیان دەبێت.
باسی لەوەشکردووە، سەردانی بەرپرسانی هەسەدە بۆ دیمەشق بەردەوام دەبێت لەپێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکان.
فەرماندەی هەسەدە دەڵێت، "ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا نێوەندگیری بۆ هەسەدە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکەن و ئێمە دەمانەوێت سووریا دەوڵەتێکی یەکپارچە بێت و خاوەنی حکومەتێکی ناوەندی بێت لە دیمەشق."
عەبدی روونیدەکاتەوە، کوردانی سووریا نایانەوێت لە وڵاتەکە جیاببنەوە یاخود هاوشێوەی هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن، گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەیەوێت کاروبارە ناوخۆییەکانی خۆی لە دەوڵەتێکی لامەرکەزی بەڕێوەببات و دەشڵێت، "سووریا عێراق نییە و عێراقیش سووریا نییە، هەروەها باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەرێمی کوردستان نییە."
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە مەزڵوم عەبدی ئاماژە بەوە دەکات، "دەمانەوێت هەسەدە ببێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری و بەشێکی ستراتیجی بەرگریی سووریا، لەوبارەیەشەوە پێشنیازێکمان ئاڕاستەی دیمەشق کردووە و چاوەڕێی وەڵامین."
AM:09:33:03/02/2025
ئهم بابهته 876
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت