تەیف سامی بڕیاریدا مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت


وێستگەنیوز_

دوای بەردەوامبوونی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ماوەی دوو رۆژ، ئێوارەی ئەمرۆ شەممە 1ـی 2ـی 2025، کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆتایی هات. 

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، لەسەر زۆرینەی پرسەکان رێککەوتن کراوە و "تەیف سامی بڕیاری دا سبەی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات."

دوو رۆژە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. دوێنێ هەینی 31ـی 1ـی 2025، بە سەرپەرشتیی هەریەک لە د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.

ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى دابەشکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، مووچەى سەرجەم مانگەکانی 2024ـی ناردووە.


PM:06:51:01/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت