وەزارەتی دارایی: کۆبوونەوەی هەردوو شاندی هەرێم و بەغدا لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا بووە
وێستگەنیوز_
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆبوونەوەکە "لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا" بووە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی هەردوولا ئامادە بوون، "لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو راپۆرت و داواکارییانەی لەلایەن تیمی تەکنیکیی هاوبەشی هەردوولاوە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە 10 رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) کراوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "بە داتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو، بەپێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی 274 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن."
ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە سبەی شەممە 01-02-2025 کۆبوونەوەکان لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە، تاوەکو هەردوولا بگەنە رێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.
PM:08:31:31/01/2025
ئهم بابهته 2604
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت