مه‌ریوان قه‌ره‌نی: پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراون


وێستگه‌نیوز-
مه‌ریوان قه‌ره‌نی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ "دادگا گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی كوردستانی به‌ یاسایی دانا، ئه‌ركی په‌رله‌مانی عێراقه‌ یاسای بودجه‌ هه‌موار بكاته‌وه‌ تا جێبه‌جێكردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ ئاسانتر بێ".


مه‌ریوان قه‌ره‌نی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "پاش ساڵانێكی زۆر له‌ ناكۆكی له‌ نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵی له‌ عێراق له‌باره‌ی بابه‌تی یاساییبوونی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی عێراق، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كۆتاییدا (دادگای به‌رایی تایبه‌تمه‌ند به‌ داوا بازرگانییه‌كانی كه‌رخ) و دواتریش دادگای پێداچوونه‌وه‌ی عێراق به‌ راشكاوانه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ یاسایی له‌ قه‌ڵه‌م دا".

ناوبراو نووسیویه‌تی‌: "پوخته‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی عێراق ئه‌مه‌یه‌: گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی كوردستان به‌پێی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ كراون، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌ لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢٢ هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی مادده‌ ٣٧/١ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگای فیدڕاڵی ژماره‌ (١)ی ساڵی ٢٠٢٢، ئه‌و حوكمانه‌ی له‌ دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ ده‌رده‌چن، به‌سه‌ر ماوه‌ی پێشوودا جێبه‌جێ نابن و (أپر الرجعی)یان نیه‌. وه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان له‌ كاتێكدا كراون كه‌ هێشتا یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان به‌ركار بووه‌ و هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییانه‌ به‌ یاسایی داده‌ندرێن".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگاكانی عێراق ده‌رگایان به‌ ڕووی هه‌ر گومانێك له‌باره‌ی یاساییبوونی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی كوردستاندا داخست و هه‌روه‌ها سه‌لماندیان كه‌ هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م كۆمپانیاكانی گرێبه‌ستكار، به‌پێی ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌سته‌كانیان، ئه‌رك و پابه‌ندیشیان له‌ ئه‌ستۆیه‌. بۆیه‌ حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵیش كه‌ ئێستا ڕێگه‌ی له‌ جێبه‌جێكردنی گرێبه‌سته‌ یاساییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان گرتووه‌، سه‌رپێچیی یاسایی ده‌كات و پێویسته‌ ئه‌و رێگرییانه‌ كۆتاییان پێ بهێندرێن".

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌ڵێت: "له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌مانه‌ی باسمان كرد، پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراون و هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت كه‌ ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ و له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی فیدڕاڵییه‌وه‌ نێردراوه‌".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌توانن باشتر ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌پێی گرێبه‌سته‌ یاساییه‌كانی نه‌وت جێبه‌جێ بكه‌ن. بۆیه‌ چاوه‌ڕێین بزانین ئاخۆ له‌ رۆژانی داهاتوو و هه‌روه‌ك بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو هه‌مواره‌كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، كێ پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كان ده‌بێت و كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ نایه‌ڵن گرێبه‌سته‌ یاساییه‌كانی بواری نه‌وت جێبه‌جێ بكرێن؟".

مه‌ریوان قه‌ره‌نی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "پرسیارێكیش بۆ هه‌ندێك حزب و كه‌س له‌ ناوخۆی كوردستان كه‌ به‌داخه‌وه‌ ببوونه‌ دارده‌ستی نه‌یاران: ساڵانێكه‌ ئێوه‌ له‌ خۆتانه‌وه‌ ده‌ڵێن گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی كوردستان نایاسایین، ئایا ته‌ریق نابنه‌وه‌؟".


PM:09:13:30/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو