كۆمسیۆن رێكاره‌كانی به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌سه‌ر بنه‌مای تانه‌یه‌كی جڤاتی نیشتیمانی هه‌ڵبژێردراوی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رێكاره‌كانی به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی به‌ناوی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.


له‌ نووسراوێكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 29ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2025 ئاراسته‌ی‌ نووسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ كۆمسیۆن كراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تانه‌ی جڤاتی نیشتیمانی هه‌ڵبژێردراوی گۆڕان له‌سه‌ر رێكاره‌كانی به‌ستنی كۆنگره‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌، فەرمانگەی‌ پارتە سیاسییەکانی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق بڕیاری‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌كه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌.

وه‌ك له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێدراوه‌، بڕیاربوو بزوتنه‌وه‌ گۆڕان له‌ گه‌ڕه‌كی‌ كوردسات له‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 2ی‌ شوباتی‌ 2025 كۆنگره‌ ببه‌ستێت، به‌ڵام به‌بڕیاری‌ كۆمسیۆن هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

پێشتر عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بریكارنامه‌یه‌كی له‌ فه‌رمانگه‌ی دادنوسی سلێمانی بۆ دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید كرده‌وه‌ و ڕۆژی 18ـی ئه‌یلولی 2024، له‌ نوسراوێكدا بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق داوایكرد، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید به‌ وه‌كاله‌ت به‌شێكی كاروباره‌كانی گۆڕان به‌ڕێوه‌به‌رێت، هه‌مان ڕۆژ، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ڵامی نوسراوه‌كه‌ی دایه‌وه‌ و وه‌كاله‌تێكی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ كرده‌وه‌.

بریكارنامه‌كه‌ی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی بۆ دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید گرفتێكی دیكه‌ی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا دروستكردووه‌، به‌شێك بریكارنامه‌كه‌ به‌ یاسایی ده‌زانن و به‌شێكی دیكه‌ش كه‌ جڤاتی نیشتیمانی هه‌ڵبژێردراون، ئه‌و بریكارنامه‌یه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

كۆتایی مانگی نۆی ساڵی رابردوو، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی‌ جڤاتی نیشتیمانی هه‌ڵبژێردراوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا جه‌ختیانكرده‌وه‌ " له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا رێكخه‌ری گشتی به‌ وه‌كاله‌ت دانانرێت، ده‌مانه‌وێ به‌ هه‌ڵبژاردن رێكخه‌ری گشتی دابنرێ. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌ كوده‌تا و وه‌كاله‌ت دابنرێت، ئه‌مه‌ش له‌ دنیادا نموونه‌ی نیه‌!".


PM:08:16:30/01/2025




ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو