شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ تیمه‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان: به‌ هه‌وڵه‌كانتان چوونه‌ته‌ ناو مێژووه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د خانمی یه‌كه‌می‌ عێراق به‌ تیمه‌كانی تایبه‌ت به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان كه‌ له‌ سه‌ماوه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاند كه‌ "به‌ هه‌وڵه‌كانتان چوونه‌ته‌ ناو مێژووه‌وه‌".


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 29 ی كانوونی دووه‌می 2025 له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا، خانمی یه‌كه‌م خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی تیمه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان كرد له‌ سه‌ماوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر هانی عه‌قابی جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی.

خانمی یه‌كه‌م سوپاسی تیمه‌كانی كرد بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هاوكاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌شی پزیشكی دادی و به‌شی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان و كۆمیته‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێسه‌روشوێنه‌كان .

هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆی به‌ناوی كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفاله‌وه‌ ده‌ربڕی بۆ ئه‌و ماندووبوونه‌ی كه‌ كرێكاران له‌هه‌ڵكه‌ندن و كردنه‌وه‌ی گۆڕستانه‌كان و ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كاندا كردوویانه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "به‌ هه‌وڵه‌كانیان چوونه‌ته‌ ناو مێژووه‌وه‌".
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كانی ڕژێمی پێشوو بۆ گه‌لی عێراق كرا و ڕێگاكانی خستنه‌ڕووی له‌ پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانه‌كان باسكرا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئاگادار بكرێنه‌وه‌ له‌و تاوانانه‌ی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر كورد و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی عێراقی ئه‌نجام دراون.

لای‌ خۆیه‌وه‌ دكتۆر عه‌قابی سوپاسی خانمی یه‌كه‌می كرد بۆ رێزلێنان له‌ هه‌وڵه‌ به‌رچاو و دڵسۆزه‌كانیان بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئازاری برا كورده‌كانیان كه‌ خۆشه‌ویستان و  كه‌سوكاریان له‌ هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفالی به‌دناودا له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ وه‌ك په‌ڵه‌یه‌ك له‌سه‌ر ناوچه‌وانی ڕژێمی پێشوو ده‌مێنێته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "ئه‌م هه‌وڵانه‌ ته‌نیا دووپاتكردنه‌وه‌ی یه‌كڕیزی و ته‌بایی گه‌لی عیراقه‌ به‌ هه‌موو مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌" و سوپاسگوزاری خۆی بۆ بایه‌خدانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌م دۆسیه‌یه‌ ده‌ربڕی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د.عه‌لی ئه‌لشوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ڕاوێژكاران و پسپۆڕان له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و گوهدار محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك كۆمار و شاره‌زایانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، خاتوو په‌ری محه‌مه‌د و دكتۆر عه‌دنان ئیبراهیم ئاماده‌بوون.


PM:04:53:30/01/2025










ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو