ئیتاڵیا چەند پارچە شوێنەوارێک بۆعێراق دەگێڕێتەوە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ چوارشەممە، 29ـی 1ـی 2025، دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا کۆمەڵێک شوێنەواری دزراوی عێراقیان ڕادەستی باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕۆما کردەوە، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوە و هەوڵێکی زۆر هات بۆ وەرگرتنەوەیان لە تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نێودەوڵەتیی.

یەکێک لەو پارچە شوێنەوارانە،  چەند 'قووچکەیەکی قوڕین' بووە کە نووسین و نەخشی بزماریان لەسەرە، سەبارەت بە بیناسازیی پەرستگەکانی سەردەمی شارستانییەتە کۆنەکانی عێراق.

یەکێکی دیکە لە پارچە شوێنەوارییەکان، تابلۆیەکی قوڕینە کە ناوی زیندانیانی لەسەرە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش زایین.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هاوکارییە کولتوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەو پێیەی ئیتاڵیا لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی 19 شوێنەواری دزراوی گەڕاندووەتەوە بۆ عێراق.

مەحموود حوسێن محەممەد، باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا رایگەیاندووە: "هەر پارچەیەک کە سەر بە خاکی ڕافیدەین بێت، بەشێکە لە ناسنامەی گەلەکەمان و شارستانیەتیی مرۆڤایەتی، ئێمە هاوبەشین لەگەڵ ئیتاڵیا بۆ ڕاگرتنی دزینی مێژووەکەمان."

لەبارەی گەڕاندنەوەی پارجە شوێنەوارییەکان، ئەفسەر میشێل مینێتی، فەرماندەی یەکەی پاراستنی شوێنەواری کوڵتووری لە کارابینێری ئیتاڵیا ڕایگەیاند: "پسپۆڕان ڕەسەنایەتی ئەو پارچانەیان سەلماندووە، هەروەها بەشێوەیەکی نایاسایی لە عێراق بردراون." 

هەروەها دەڵێت، قاچاخچییە نێودەوڵەتییەکان سەرنج دەخەنە سەر بردنی شوێنەواری وڵاتە لاوازەکان.

چیرۆکی دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارانە، لەو کاتەوە دەستی پێ کرد، کە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیتاڵیا بڵاوی کردەوە، ئەو پارچە دێرینانە لە یەکێک لە زیادکردنەکانی شاری میلانۆ دانرابوون بۆ فرۆشتن، دوای لێکۆڵینەوەکان یەکەی پاراستنی شوێنەوارەکان، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە کەلوپەل و شوێنەواری کۆن، توانی دەست بەسەر پارچەکاندا بگرێت و بازرگانە نایاساییەکان دەستنیشان بکات، کە پەیوەندییان بە تۆڕە قاچاخچییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە.


AM:11:22:30/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو