4 كارمه‌ندی‌ شاره‌وانی‌ رانیه‌ ده‌ستگیر كران


وێستگه‌نیوز، ئه‌میر حه‌سه‌ن-
له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ چوار كارمه‌ندی‌ شاره‌وانی‌ رانیه‌ ده‌ستگیركران و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وامن.


په‌یامنێرمان له‌ ده‌ڤه‌ری‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ پێی‌ راگه‌یاندین كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ چوار كارمه‌ندی‌ شاره‌وانی‌ رانیه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئاسایشه‌وه‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 307ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ده‌ستگیر كران.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌ دوو سه‌رچاوه‌وه‌ ده‌ست په‌یامنێری‌ وێستگه‌ كه‌وتووه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ته‌نها چوار فه‌رمانبه‌ری‌ شاره‌وانی‌ رانیه‌ ده‌ستگیر كراون و دۆسیه‌شیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌.

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌ په‌یامنێری‌ وێستگه‌ گه‌یشتووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كه‌سانی‌ تریش ده‌ستگیر بكرێن.

هاوكات ئه‌و ده‌نگۆیانه‌شی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ ده‌ستگیركردنی‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ رانیه‌ ده‌كه‌ن و جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ناوبراو ده‌ستگیر نه‌كراوه‌ و ئه‌مڕۆ ده‌وامی‌ ئاسایی خۆی‌ كردووه‌.

ئه‌و ماده‌یه‌ی‌ ئه‌و 4 كارمه‌نده‌ی‌ پێ ده‌ستگیر كراوه‌ ماده‌ی (307)ه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك یان هه‌ركه‌سێ خزمه‌تی گشتی پێسپێردرا و ئه‌گه‌ر داوای دیارییه‌كی كرد یان ڕازی بو دیاریه‌ك یا سودێ وه‌رگرێ یا به‌ڵێنی شتێكی پێ بدرێ بۆ خۆی یا كه‌سێكی كه‌ تا كارێك بكا له‌ كاره‌كانی فه‌رمانبه‌ریه‌تیه‌كه‌ی یا ئه‌ركه‌كانی فه‌رمانبه‌ریه‌تیه‌كه‌ی پێشێل بكا سزا ده‌درێ به‌ زیندانیكردن بۆ ماوه‌یه‌ك 10 ساڵ زیاتر نه‌بێ یا به‌ندكردن و پێبژاردن زیاتر نه‌بێ له‌وه‌ی داوای كردوه‌ یا پێی دراوه‌ كه‌ له‌ هیچ بارێ نابێ زیاتر بێ له‌ 75000 دینار.."

هه‌ر له‌ ماده‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "سزاكه‌ی ده‌بێته‌ زیندانیكردن بۆ ماوه‌یه‌ك زیاتر نه‌بێ له‌ 7 ساڵ یا به‌ندكردن ئه‌گه‌ر رازی بون به‌ وه‌رگرتنی دیاریه‌كه‌ دوای جێبه‌جێ كردنی كاره‌كه‌ یا پێشێل كردنی ئه‌ركه‌كانی فه‌رمانبه‌رێتی..".


PM:09:42:29/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 7744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو