"غازی‌ كه‌ركوكی‌ نه‌گیراوه‌ تا ئازادبكرێت، له‌ماڵی‌ خۆیه‌تی‌ و ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورت بانگکرا"


وێستگه‌نیوز-
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، رایگه‌یاند كه‌ غازی‌ محه‌مه‌د ره‌شید ناسراو به‌ غازی‌ كه‌ركوكی‌ ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌سه‌ر سكاڵای‌ ژماره‌یه‌ك كوڕی‌ كۆچكردووییه‌ك به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ باوكیانی‌ وتووه‌ "جاش" بانگكرا بۆ ئاسایش و بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورت دادوه‌ر چه‌ند پرسیارێكی‌ لێكرد و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی‌ خۆی.


ژماره‌یه‌ك میدیا و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵی‌ ده‌ستگیركردنی‌ غازی‌ كه‌ركوكی-یان بڵاوكرده‌وه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ سلێمانییه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار به‌ وێستگه‌نیوزی‌ وت كه‌ داواكه‌ له‌سنوری‌ ئاسایشی‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌سه‌ری‌ تۆماركردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌شاری‌ سلێمانییه‌ و ناوبراو بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورت له‌لایه‌ن دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ بانگكرا و چه‌ند پرسیارێكی‌ لێكرا و گه‌ڕایه‌وه‌ ناو ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌لێت: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوبراو ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ و له‌ئاسایش نه‌هێڵراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك میدیا ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن".

وتیشی: ‌"ناوبراو له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كوڕی‌ پیاوێكه‌وه‌ سكاڵای‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ و سكاڵاكه‌یان له‌ئاسایشی‌ چه‌مچه‌ماڵ تۆماركردووه‌، وه‌كو ده‌ستگیركردنیش ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ تاوه‌كو ئازاد بكرێت".

غازی‌ كه‌ركوكی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك چالاكه‌ و هه‌ندێك جار ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر دیارده‌ سیاسییه‌كان و رووداوه‌كان قسه‌ ده‌كات. له‌دواهه‌مین ده‌ركه‌وتنیدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كه‌سێك و به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ گوایه‌ پێشووتر له‌كاتی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسدا ئه‌وی‌ به‌گرت داوه‌ و ئێستا به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان شینی‌ بۆ ده‌گێڕن.

دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی‌ غازی‌ كه‌ركوكی‌ سڕدرایه‌وه‌.


PM:04:45:28/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 6296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو