لاهور شێخ جه‌نگی‌ په‌یامێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
لاهور شێخ جه‌نگی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل په‌یامێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "پشتیوانی و هاوسۆزی نه‌ته‌وه‌یی به‌راستی ده‌بێ له‌سه‌روی حزبایه‌تی و شتی ئایدۆلۆژییه‌وه‌ بێت"، ده‌شڵێت: "ناشرینه‌ هاوسۆزی نه‌ته‌وه‌یی به‌ حزبی بكرێت و بكرێته‌ مه‌سه‌له‌ی ململانێی حزبی".


لاهور شێخ جه‌نگی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ په‌یامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی‌: "ئه‌مڕۆ یادی یه‌كێك له‌ دره‌وشاوه‌ترین چركه‌ ساته‌كانی مێژوی خه‌بات و قوربانیدانی گه‌لی كوردستان له‌ رۆژئاوای نیشتیمانی ئێمه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌م رۆژه‌دا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدان داده‌نه‌وێنین، پیرۆزبایی له‌ خۆمان و هه‌موو ئازادیخوازێك ده‌كه‌ین".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "گه‌لی رۆژئاوا به‌تایبه‌ت شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن و خۆراگریی و به‌رخۆدانێكی مه‌زنیان بۆ گه‌ل و خاكه‌كه‌یان تۆمار كرد و كۆبانێ–یان له‌ ده‌ستی ڕه‌شی گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی ڕزگاركرد، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش داستانێك بوو له‌ به‌رخۆدان و خۆراگریی له‌به‌رچاوی هه‌موو جیهان".

سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل ده‌ڵێت: "ئه‌وكاته‌ی نه‌یار و دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان  پێیان وابوو به‌ پیلانگێرییه‌كانیان كۆبانێ ده‌خه‌ن، ئێمه‌ دركمان به‌و پیلانه‌كرد و باكمان به‌وه‌ نه‌دا باجه‌كه‌ی چی ده‌بێت و نه‌مانهێشت كۆبانێ ته‌نیا بێت".

نووسیویشیه‌تی‌: "ئه‌و سه‌روه‌خته‌ پشتیوانی كۆبانێ لای زۆرێك له‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم له‌ هه‌موو حزبه‌كان ده‌ست بردنبوو بۆ پشكۆ له‌ناو ئاگردا، زۆریان به‌ره‌وڕوو به‌ منیان ده‌گوت ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یكه‌ی یاریكردنه‌ به‌ئاگر، زۆر باش ده‌مزانی ئه‌وی ده‌یكه‌م بێ باج نابێت، به‌ڵام چونكه‌ له‌ پێناوی میلله‌ته‌كه‌مدابوو باكم به‌وه‌ نه‌بوو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باجه‌كه‌ی گیانی خۆشم بوایه‌، سڵم له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ له‌ هاوكاری و پشتیوانی كۆبانێ بێمه‌ دواوه‌ چونكه‌ پێم وابوو نابێت كۆبانێ ته‌نیا بێت، پێم وابوو كه‌ پاراستنی كوردستان و خۆڕاگری كورد له‌ رۆژئاوا به‌رامبه‌ر داعش ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای مێژوو و پێناسه‌یه‌كی نوێ بۆ مه‌سه‌له‌ی میلله‌تی كورد و هه‌رواش  بوو، راسته‌ من ته‌ونی موئامه‌ره‌كان له‌ دژم فراوانتر بوون و به‌ هۆیه‌وه‌ كێشه‌ی زۆرم بۆ دروست بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌ڕوانم ویژدانم ئاسوده‌یه‌و هه‌ست به‌ شانازییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ ده‌كه‌م كه‌ نه‌ك پۆست و پایه‌ی حزبی خۆشمی به‌ قوربان ده‌كه‌م ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و راستیه‌ش ڕوونه‌ خۆڕاگری كۆبانێ و كۆبانێ نه‌بوایه‌ مومكین نه‌بوو ئه‌زمونی رۆژئاوا بڕسكێ و خۆی بگرێ، قاره‌مانێتی و خۆڕاگری كۆبانێ هه‌وێنی دروستبونی كانتۆنه‌كان بوو، واشیكرد دونیا به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا هاوسۆز بن له‌گه‌ڵ پرسی كورد له‌ رۆژئاوا".

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "مه‌سه‌له‌ی پشتیوانی و هاوسۆزی نه‌ته‌وه‌یی به‌راستی ده‌بێ له‌سه‌روی حزبایه‌تی و شتی ئایدۆلۆژییه‌وه‌ بێت، ناشرینه‌ هاوسۆزی نه‌ته‌وه‌یی به‌ حزبی بكرێت و بكرێته‌ مه‌سه‌له‌ی ململانێی حزبی، ئه‌و پشتیوانی و هاوسۆزییه‌ واجبێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ و ناكرێ بۆ پروپاگه‌نده‌ی حزبی به‌كاربهێنرێ".

لاهور شێخ جه‌نگی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا راستییه‌ك زۆر زه‌ق لای هه‌موان رون ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كێ چاوی له‌سه‌ر خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی و وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌بینێ و كێش هه‌ر خه‌ریكی حزبایه‌تی و پۆست و پایه‌ و پاره‌ و گیرفانی خۆیه‌تی، بۆ ئێمه‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی كورد گرنگه‌ و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیژه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین".


PM:09:12:26/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 6436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت