پارتییەکانی ڕیفراندۆم لێبووردنیان بۆ دەرکرا


وێستگەنیوز_

ئەو بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییانەی لەسنووری پارێزگای کەرکووک بەشدارییان لەڕیفراندۆمی 2017 کردبوو لێبووردنیان بۆ دەرکرا. ئەمە لەکاتێکدا ماوەی حەوت ساڵ و نیوە بەرپرسانی پارتی لەهەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو سزایەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆیان دەرکرابوو. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو یاسا لێبووردنەی لەبەرژەوەندی سوننەکان لەپەرلەمانی عێراق تێپەڕی سەرجەم ئەو بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییانەی سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکانیش ئەو سزایەیان لەسەر لادەچێت کە بەبۆنەی بەشداریکردن لەڕیفراندۆم بەسەریاندا سەپابوو.

زۆرینەی ئەو بەرپرسە کوردانە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، ماوەی حەوت ساڵ و نیو بەرپرسانی پارتی لە بەغدا نەیانتوانی کێشەکانیان چارەسەر بکات؛ کە بەبۆنەی ڕیفراندۆمە بەسەریاندا هات و هەندێکیان بە غیابی حوکمدرابوون.

ئەم بەرپرسە ئەمنی و ئیداریانە ژمارەیان لە سەروو هەزار کەس دەبن،  پلەدارن و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و زۆرینەی هەرە زۆریان پارتین. 

سەرچاوەکە وتی : پارتی لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو نەیتوانی کێشەکانیان چارەسەر بکات ئێستا وەک تاوانبارێک لێبووردنی گشتییان بۆ دەرچووە لەکاتێکدا وەک خۆیان دەڵێن ئەرکی نیشتیمانییان جێبەجێ کردووە. 

لەلایەکی ترەوە پارتی دژی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک وەستاوەتەوە و بە نایاسایی لە قەڵەمی دەدات؛ بەم بۆنەیەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕێگەی بەیاننامەوە وەڵامی یەک دەدەنەوە. 

سەرچاوە ئاگادارەکە وتی : ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میدیاکانەوە قسە دەکات و دژی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک وەستاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە هەر دوێنێ پارتی بنکەی پۆلیسی قەرەنجیری وەرگرت و ئیتر لەلایەن عەقید فەرەیدوون جەباری'یەوە بەڕێوەدەبرێت کە لە ئێستادا پۆل پۆل بەرپرسانی پارتی دەچن بۆ بنکەکە و پیرۆزبایی لێ دەکەن.


PM:02:01:24/01/2025










ئه‌م بابه‌ته 17784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت